کۆمپانیای ئاوا مێدیکا 37 هەزار پاکەت دەرمان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی دەکات

کۆمپانیای ئاوا مێدیکا 37 هەزار پاکەت دەرمان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی دەکات
کۆمپانیای ئاوا مێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بڕی 39 هەزار پاکەت لە دەرمانیان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کرد کە بەشێک لە دەرمانەکان بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێدرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 04-04-2020 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای ئاوا مێدیکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان لەبارەی پێشکەشکردنی دەرمان لەلایەن ئاوا مێدیکا بۆ وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدا.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "کۆمپانیای ئاوا مێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان بڕێکی زۆر دەرمانیان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ نەخۆشخانەکان لە هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە دەرمانەکان وەزیری تەندروستی رایگەیاند، دەرمانەکان بریتین لە 11 جۆر لە جۆرە جیاوازەکانی دەرمان بە بڕی 39 هەزار پاکەت و لەلایەن بەشی کۆگای سەرەکی وەزارەتی تەندروستییەوە بە سەر هەموو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.

بەگوتەی سامان بەرزنجی بەشێک لەو دەرمانانە بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن، ئەمە جگەلەوەی دەرمانەکان بۆ هەندێک نەخۆشی دیکە بەکاردەهێندرێت.

د. سامان بەرزنجی سوپاسی کۆمپانیای ئاوا مێدیکای کرد و گوتی، ئەوان یەکەمجاریان نییە ئەو هاوکارییانە پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی دەکەن، پێشتریش لە کاتی شەڕی داعش و هاتنی ئاوارەکان یارمەتی ئەوانیان داوە.

دواتر نوێنەری کۆمپانیای ئاوا مێدیکا خۆشحاڵی خۆی پیشاندا بەوەی کە ئەوان توانیویانە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی بکەن و رایگەیاند، جاری سێیەمە بە بڕی جیاواز جیاواز هاوکاری وەزارەتی تەندروستی بکات.

نوێنەری ئاوا مێدیکا گوتیشی، هەر کاتێک وەزارەتی تەندروستی پێویستی بە هاوکاریی ئەوان بێت، ئەوان ئامادەن هاوکارییان بکەن.









رووداو
Top