پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
محمەد ئیلخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٠ی پەرلەماندا، ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە گفتگۆیان لەسەر کرا، ”پەرلەمان لەم ڕووەوە دەسخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پەرلەمان دوو لێژنەی تایبەتی پێکھێناوە کە لێژنەیەکیان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ لێژنە تایبەتمەندەکانە بۆ چاودێریکردنی ئەو سێکتەرانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاکسازییان تێدا دەکات.
لێژنەی دووەمیش بە سەرۆکایەتیی ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانە بۆ بەدوداچوون و چاودێری لەبارەی دۆخی ئێستا و ھەوڵەکانی ڕوبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کاریگەریی ئەو دۆخەی ئێستا کە فراکسیۆن و لێژنە تایبەتمەندکان ئەندامێتیی ھەردوو لێژنەکە دەکەن.
باسنیوز
