داواکارییەک ئاراستەی نۆرینگەکان دەکرێت

 داواکارییەک ئاراستەی نۆرینگەکان دەکرێت
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، نووسراو بۆ نۆرینگەکان کراوە کە لەکاتی بینینی نەخۆش، ئەگەر نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ بەدی کرا، ئاراستەی نەخۆشخانەکانیان بکەن.

ھاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان ڕاگەیاند: "دوای بڕیارى کردنەوەی نۆرینگەکان، داوامان ئاراستەکردن کە ھاووڵاتییان لە سەرجەم ڕێنوێنى و رێکارە تەندروستی و فەرمییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاگادار بکەنەوە و ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەشی کە سەردانیان دەکەن و گومانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ھەیە، بۆ سەنتەر و نەخۆشخانە تەرخانکراوەکان ئاراستەیان بکەن".

گوتیشی: "به‌ نۆرینه‌گه‌كانیشمان ڕاگه‌یاندووه‌ کە ھیچ جۆرە چارەسەرێک بە نەخۆشی گومانلێکراوى ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدەن".

ھاوژین عوسمان ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، پێویستە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە نۆرینگەکان ماسک و دەستکێش و پۆشاکی تایبەت بەكار بھێنن، ڕێگە بە دروستبوونی قەرەباڵغی و بەریەککەوتن نەدەن، هه‌روه‌ها دەفتەری تۆمار بۆ تۆمارکردنی زانیاری ئەو نەخۆشانەی ڕۆژانە سەردانیان دەکەن، دابنێن، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست پشتی پێ ببەسترێت".









باسنیوز
Top