ئەنجوومەنی وەزیران: مووچە دابین دەکرێت و دەستکاری ناکرێت
رۆژی چوارشەممە 1-4-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کە "بەرنامەی ئەنجوومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت".
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران راسپارد بۆ ئەوەی "میکانیزمی یاسایی بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی لەسەر شانی خەڵکی کاسبکار و کرێچی کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە".
دۆخی دارایی و بڕیارەکانی حکومەت
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک دەربارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و، هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێشکەشکراوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەیەکی زۆری داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام حکومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات. گوتیشی کاری ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری بەتایبەتی کشتوکاڵ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. بۆیە ئێستاش زیاتر جەخت لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ دەکەینەوە و لەمبارەیەوە پشتیوانیی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت .
یاسای چاکسازی
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی پەیڕەوی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 خرایەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە بە ئاڕاستەی زامنکردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆری شایستە و لەدوای گفتوگۆ بە کۆی دەنگ پڕۆژەی پەیڕەوەکە پەسەندکرا بە چەند گۆڕانکارییەکەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران راسپارد بۆ ئەوەی میکانیزمی یاسایی بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی لەسەر شانی خەڵکی کاسبکار و کرێچی کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە.
کەمکردنەوەی خەرجی وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی حکومەت
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پێشنیازی وەزیری دارایی وئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پەسند بکات کە خەرجی بەکاربردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە و ئەولەویەت بدرێ بە دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتیە بنەڕەتییەکان وبڕیاریشدرا ھەرچی زووشە یاسای چاکسازیی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی ناپێویست بخرێتە بواری جێبەجێکردن تا ئەنجامەکەی بخرێتەوە خزمەتی مووچەخۆرانی شایستە.
خوێندنی ئۆنلاین
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوو بەڕێزان وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پلانی تەواوکاری خوێندنی ساڵی خوێندنی 2019 ـ 2020 یان خستەڕوو سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و خشتەی تاقیکردنەوەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بەفیڕۆبچێت و رەزامەندیدا لەسەر پێشنیازی فەراهەمکردنی خوێندن و فێربوون بەشێوازیی پاڵپشتیکار لەڕێگای پرۆژەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندکاران و بەردەوام بوونی پیادەکردنی شێوازی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی وەک شێوازی پاڵپشتیکار تاوەکو سەرجەم پێداویستی تەکنیکی و کارگێڕیی و قانونییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
دواتر بەڕێز وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی پوختی لەسەر بارودۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێم خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە پزیشک و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و کارمەندانی شارەوانی و گشت یەکە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان ، بڕیاریدا کە وەزارەتی تەندروستی پێداویستییەکان لە دەرمان و ئامێر و پێداویستیە پزیشکیيەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی ئێستا و پێشبینیکراویش. ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەڵکیشی کرد لەمبارەیەوە و داوایکرد بەردەوام بن.
رووداو
