رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پێشوازی لە راپۆرتی بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەكەین

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پێشوازی لە راپۆرتی بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەكەین




لە رۆژانی ١٥ تاوەکو ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ خاتوو سیسیلیا خیمینێز بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد، بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوونیان لە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە نێو كەمپی ئاوارەكان و تێبینی و سەرنجەكانی خۆی بە نەتەوەیەكگرتووەكان بگەیەنێت. دوای كۆتایی هاتنی سەردانەكەی راپۆرتێكی پێشكەش بە نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و تێیدا وردەكاری سەردانەكەی خستۆتەڕوو.



د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی سەردانی خاتوو سیسیلیا خیمینێز بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و راپۆرتی ناوبراو وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە راپۆرتی خاتو سیسیلیا خیمینێز بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەكەین، ناوبراو لە راپۆرتەكەیدا ستایشی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لە پێشوازی كردنى زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە ناوخۆی و سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری و شەڕی نەگریسی داعش، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی توانا خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی پێشكەش كردوون.



دیندار زێباری ئەوەی روونكردەوە كە نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان. هەروەها لە میانەی سەردانی ناوبراودا بۆ هەرێمی كوردستان تێبینی و سەرنجەكانی خۆمان خستە روو سەبارەت بۆ چۆنیەتی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ئاوارەكان، بەتایبەتی لە بوارەی مامەڵەی كردنی لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ ئەم كەیسە، چونكە ماوەیەكی زۆرە ئاوارە و پەنابەران لە هەەرێمی كوردستان ماونەتەوە و ناكرێ وەك كەیسێكی كاتی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێ و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.



رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەربارەی راپۆرتەكە زیاتر وتی: لە میانەی سەردانەكەیدا بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان سەردانی كەمپی ئاوارەكانی كرد، هەروەها چەند تێبینی و سەرنجی لە راپۆرتەكەیدا خستۆیەتیە روو سەبارەت بە رەوشی ئاوارە ناوخۆییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەندیان وەردەگرێت. لە هەمان كاتدا بە هاوکاریی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ یارمەتێدانی ئاوارەكان، بەپێی دوایین داتا و سەرژمێری نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) تا ئێستا (165,000) ڕاگوێزراو لەو کەمپانەدا دەژین کە حکوومەتی هەرێم دابینی کردوون، لەوانە (135،399) لە دهۆک و (15،981) لە هەولێر و (13,620) لە سلێمانی، هەروەها لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم ژمارەیەکی زۆری ڕاگوێزراو لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، لەوانە (190,000) لە دهۆک و (170,000) لە هەولێر و (120,000) لە سلێمانی. لەلایەکی دیکەوە، نزیکەی (21,000) ڕاگوێزراو لە کەمپە نافەرمییەکاندا دەژین.



زێباری سەبارەت بە مانەوەی ئاوارەكان لە كوردستان و نەگەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە وتی: لە ئێستادا نزیکەی (٥٠%)ی ئاوارەكانی ناوخۆ لە كوردستان ماون، حکوومەتی هەرێم (70%) و نەتەوە یەکگرتووەکان (25%) ی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تریش (5%)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان درووستكردووە و ئەستەمە لەو بارودۆخەی ئێستادا بتوانێت وەك پێویست هاوكارییان بكات.



ئەوەشی دووپاتكردەوە لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە ناوچەکە تا ڕاددەیەک ناسەقامگیرە، وەک بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش و مین و تەقەمەنی و بێبەشبوونی ناوچەکانیان لە خزمەتگوزاریی پێویست، وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا، ئەمانە هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئەم ئاوارانەیە بۆ سەر زێدی خۆیان بەتایبەتی ناوچە كێشە لەسەرەكان، تەنانەت بەشێکیان کە کەمپەکانیان جێ هێشتبوو دووبارە ژیانی نێو کەمپەکانیان هەڵبژاردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، چونكە پێویستە زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گەڕانەوەیان ناكات لە هەمان كاتدا بەزۆر هیچیان ناگەڕێنێتەوە.



سەبارەت بە خزمەتگوزارییە یاساییەكانیش رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: زۆربەی ھەرە زۆری ئاوارەكان بەڵگەنامە رەسمییەكانیان نەبوو كاتێك ئاوارە بوون، بۆیە فۆرمێكی تایبەتیان بۆ درووست كرا بە ناوی (استمارة استبدال) بە شێوەیەكی كاتی بۆ رایی كردنی كاروبارەكانیان لەلایەن دام و دەزگاكانی حكوومەتەوە كاری پێدەكرێت بۆ نموونە ئەوانەی كە لە شنگال رزگار بوون نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ فەرمانگەی باری شارستانی لە شێخان دواتر نووسراوێكی تریان بۆ دەكرێ بۆ فەرمانگەی رەگەزنامە لە شێخان بۆ دەستخستنی رەگەزنامە ئەم دوو فەرمانگەیەش سەر بە بەغدان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دام و دەزگاكانی حكوومەتی ھەرێم كار دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و نشینگەی دھۆك پاسپۆرتیان بۆ دەردەكات، بەمەش ئەو ئاوارانە دووبارە دەبنەوە خاوەن ئەم بەڵگەنامە پێویستانە".



لە بەشێكی دیكەی راپۆرتی بڕیاردەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ رەوشی مافەكانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەكان باس لە پرۆسەی دادگایی كردنی تیرۆریستانی داعش دەكات بەتایبەتی مێردمنداڵەكان، لەم بارەوە دیندار زێباری وتی: هەر كەسێك تۆمەتی پەیوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاریكردنی داعشیان بەسەردا ساغ بووەوە، ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگاداردەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمان كاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات.



له‌سه‌ره‌تای 2014ه‌وه‌ تا ساڵی 2017 دەیان ژن و مێردمنداڵی داعش دەستگیر كرابوون ئەو مێردمنداڵانە تەمەنیان لەنێوان (12-16) ساڵی بوو ولەگەڵ زیندانیەکانی تر دانه‌نرابوون بەڵکو لەبەشەكانی چاکسازی گه‌وران بوون، ومامەڵەیەکی تایبەتمان لەگەڵیان كراوه‌، تەنانەت بەپێی بەرنامەیەك پرۆسەی خوێندنی زمانی عەرەبیشیان بۆ دابین دەكرێت، بەشێک لەمانە ژمارەیەكیان ئازاد کراون گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان هەندێکی تریان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان سزاکانیشیان ناگات بە 2 ساڵ، تەنانەت ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە وەك قوربانیانی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە نەك تاوانبار.



سەبارەت بە ئازادی هاتووچۆی نێو كەمپەكان رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم چەندین رێوشوێنیان گرتە بەر بۆ حەواندنەوەیان و دروستكردنی كەمپ بۆیان، یەكێك لەو رێوشوێنانە بریتی بووە لە رێكخستنی هاتوچۆی كەمپەكان، ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی كەمپەكان و رێكخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رێگری هاتوچۆ لە كەس نەكراوە بەتایبەتی كەسانی نەخۆش كە لە بنكەی تەندروستیی كەمپەكە چارەسەر ناكرێن و پێویستیان بە سەردانی نەخۆشخانەی شارەكان هەیە بە مەبەستی چارەسەری، بەڵكو هاوكارییان دەكەن بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بكەن، تەنیا خاڵەكانی پشكنینی هەرێم داوای دڵنیابوونەوە دەكەن لە ناسنامە و بەڵگە فەرمییەكان.



دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە وەڵامی راپۆرتی بڕیاردەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ رەوشی مافەكانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەكان سەبارەت بە رەوشی تەندروستی ئاوارەكان وتی: حکومەتی هەرێم خزمەتگوزاری جۆراروجۆری پێشکەش بە ئافرەتە ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەر کەمپێک یەکەیەکی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون، نووسینگەی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و دەیان هەزار ئافرەتی دووگیان پشکنینی جۆراوجۆریان بۆ کراوە، لەگەل پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو. لە رێکەوتی (22/8/2017) لەکەمپی حەسەن شام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لە دەستداوە. لە لایەكی دیكەوە چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان ئەنجامدراوە بەپێی وەرز و تەمەن لەگەڵ چارەسەر کردنی زیاتر لە (١٢٧٨) کەس لە سەنتەری راوێژکاریی پارێزگای دهۆک، ئەمە سەرەڕای تۆمار کردنی کەیسی (٢٠٣٦) ئەو ئافرەتانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.



لە كۆتاییدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە رفاندنی ئافرەتانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی ئەو رفێندراوانە چەندین بڕیاری داوە لەوانە بڕیاری ژمارە(5170) ی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 21/8/2014 بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراون وەک جینۆساید و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە 25/11/2014 کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و رزگارکردنی رفێندراوانە، بەپێ زانیارییەکانی نووسینگەی ئازاد کردنی رفێندراوان تا رۆژی 16/2/2020 ژمارەی رزگار کراوەکان بریتی بوو لە (3530)، لەوانە (1199)ئافرەت، (339) پیاو، (1041) منداڵی کچ، (651)منداڵی، هەروەها زیاتر لە (1000) رزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن بەپێی رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی هەرێم.
Top