بەهۆی ئەو تووشبووەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا گەڕابووەوە، خەلیفان کەرەنتین کرا
کرمانج عیزەت، قایمقامی سۆران راگەیاند، "مەترسیی ئەوەمان هەیە تووشبووی زیاترمان هەبێت. ڤایرۆسەکە ئێستا لەنێو خەلیفانە. ئێرە شارێکی قەرەباڵخ و تێکەڵە. ناوەندی شار 25 هەزار کەسە بە دەوروبەریەوە نزیکەی 41 هەزار کەسە. تێکەڵاویی لەگەڵ هەریر، بارزان و سۆران هەیە".
قایمقامی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، "دەمانەوێت شارەکە کەرەنتین بکەین و دەمانەوێت خەڵکی خەلیفان نەچێتە دەرەوە و کەسیش نەیەتە نێو خەلیفان".
هەرچەندە خەلیفان قەرەباڵخیی رۆژانی ئاسایی پێوەدیار نییە، بەڵام هێشتایش کەسانێک هەن کە بەبێ گوێدانە رێنماییەکان و قەدەخەی هاتووچۆ لە شارۆچکەکەدا دێن و دەچن.
ئیدریس کەریم، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "من ئێستا دەچمە ماڵی براکەم لەو بەر و کارم پێیەتی. هێزە ئەمنییەکان هەموو برادەرن و رێگەمان دەدەن و تا ئێوارەش نایەمەوە".
ئیسماعیل حەسەن، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەوە 20 هەزارم پێیە. ئەو 20 هەزارە بۆ کەی هەڵبگرم؟ مەبەستم هەژاری نییە. کاسبییان نەهێشت و من تووشی نەخۆشیی دەروونی بووم. 15 رۆژە دەماڵدا وەڕەزبووم و توانام نەما".
رێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆن بە خەلیفاندا تێدەپەڕێت. بۆ رانەوەستاندنی جووڵەی بازرگانی کەڵک لەڕێگەی قەدبڕ وەردەگیردرێت و هاتووچۆ رێگەپێدراوەکانی هەولێر و حاجی ئۆمەران بەنێو شارۆچکەکەدا نابێت.
دووکان و بازاڕی شارۆچکەکە لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 01:00ـی دواینیوەرۆ کراوە دەبن. خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانیش دەگەیەنرێنە شارۆچکەکە.
کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلیفان راگەیاند، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان کە بە هیچ شێوەیەک پەک لە خواردن و پێداویستیی رۆژانە ناکەوێت و لەڕێگەی لیژنەی ئابووری و تیمەکانمانەوە چاودێریی بازاڕ و کەموکووڕییەکانی دەکەین و هەرکەسێک شتێکی دەستنەکەوت، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات".
تیمێکی تەندروستی لە هەولێرەوە چوونەتە شارەکەوە و هەموو ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ توشبووکە هەبووە پشکنینیان بۆ دەکرێت. پشکنینی هەڕەمەکی بۆ دانیشتووانی شارۆچکەکە دەکرێت. هەرکەسێک گومانیان لێی هەبێت، هاوشێوەی 29 گومانلێکراوەکە لە جوندیان کەرەنتین دەکرێن.
رووداو
