لە ئامێدی کۆمەڵگەی قەدش کەرەنتین دەکرێت
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەو کەسەی لە کۆمەڵگەکە تووش بووە، بەرکەوتەی تووشبووانی پێشووە.
26 کەس لە بەرکەوتووەکانی کەسی تووشبوو بۆ نەخۆشخانە نێردراون بۆ دهۆک تاوەکو پشکنینیان بۆ بکرێت و کەرەنتین بکرێن. هاتووچۆی خەڵکی لەنێو کۆمەڵگەکەدا کەمبووەتەوە و زۆربەی دەرگاکان داخراون. بۆ شتێکی پێویست نەبێت، رێگە بە هاتووچۆی کەس نادرێت.
ئهحمهد عهبدولسهلام، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کۆمەڵگەی قەدشە و دەڵێت، "خەڵکی هەموو دەترسن، بەڵام سوپاس بۆ خودا هێزی ئەمنی و تەندروستی لێرە رێکارەکانیان بە تووندی گرتووەتەبەر و سوپاسیان دەکەین کە ئەوەیش هەر لەبەر ئێمەیە".
كاوه عهبدوڵڵا، دانیشتوویەکی دیکەی کۆمەڵگەکەیە و دەڵێت، "چوونەدەرەوە زۆر سەختە. مرۆڤ هەر پێویستی بە پزیشک و بە دووکان دەبێت. رێکارەکان تووندن و کەس ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی بێت و بچێت. ئێمە سوپاسیان دەکەین".
لەبەردەم دەروازەی کۆمەڵگەکەدا پێشمەرگەی زێرەڤانی رێوشوێنی تووندیان گرتووتەبەر و پۆلیسیش بەنێو کۆمەڵگەکەدا بڵاوبوونەتەوە تاوەکو هاتووچۆ نەمێنێت. چوونە نێو کۆمەڵگەکەوە زۆر سەختە و هێزە ئەمنییەکان هەردوو دەروازەکەیان گرتووە. رێگە بە هەموو کەسێک نادەن.
نهقیب ئهحمهد عهبدولواحید، ئهفسهری پۆلیسە راگەیاند، "بەپێی ئەو فەرمانانەی بۆمان هاتوون، هەموو رێگەیەکمان گرتووە، مەگەر کارێکی پێویست هەبێت، ئەویش بە نووسراوی قایمقام دەبێت. تاوەکو ئێستا خەڵکی هاوکارێکی باشن".
دەرمانی دژەڤایرۆس بە رێگەی سەرەکیی نێو کۆمەڵگەکەدا دەڕشێنرێت کە بە رێگەی دێرەلووک و شیلادزێ و ناوەندی ئامێدیدا دەچێت. بڕیارە تیمە تەندروستییەکانیش چەند نموونەیەکی خوێن لە کۆمەڵگەکەدا وەربگرن، بەتایبەتی کەسانی دەوروبەری تووشبووەکە.
د. شاكر عهبدولعهزیز، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی گوتی"ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ تووشبووەکەدا هەبووە، هەموویان دەستنیشان کراون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش رەوانەی کەرەنتین کراون".
لە پارێزگای دهۆک نۆ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 700 کەس لە کەرەنتینەدان.
رووداو
