لە هەولێر بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت
نەوزاد سابیر، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر راگەیاند: "لەسەر داوای پارێزگای هەولێر لە ئەمڕۆوە دەستمان بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان لەنێو شاری هەولێر کردووە، تا سبەی دابەشکردنەکە بەسەر بنکەکانی 201 و 202 تەواودەبێت و داواشمان لە بریكارهكانی بنکەی 203 کردووە، کە ئەوانیش بەشە خۆراکەکەیان وەربگرن و دەست بە دابەشکردنی بکەن".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر گوتیشی: "لەنێو شاری هەولێر 11 بنکەمان هەیە، لە عەنکاوە و دارەتوو و قوشتەپە و دەروربەری هەولێر تا سنووری حاجی ئۆمەران 19 بنکەی دیکەمان هەیە، دوای تەواوبوونی بنکەکانی نێو هەولێر، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی دەوروبەر و شوێنەکانی دیکەش دەکەین".
سەبارەت بە کاریگەری بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لەسەر دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە نەوزاد سابیر گوتی: "بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک لەنێو گەڕەکەکاندان، بۆیە کێشە نابێت، بریکارەکانیشمان ئاگادارکردووەتەوە کە لەکاتی دابەشکردنیدا رێنماییەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام لە بنکەی 11 رەنگە کێشەمان بۆ دروست بێت، چونکە بریکارەکان لەنێو شارن و زۆربەی خەڵکەکەش لە دەرەوەی شارن، بۆیە تا کاتی دابەشکردنی بەشە خۆراکی هاونیشتمانییان لەو بنکەیە، میکانیزمێکی گونجاو دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنەکە دروست نەبێت".
بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی 14ی ئەم مانگەوە تاوەکو 1ی نیسان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە هەرێمی قەدەخە کراوە. تاوەکو ئێستاش بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ درێژنەکراوەتەوە.
رووداو
