بازاڕکردن لە سەردەمی کۆرۆنادا

بازاڕکردن لە سەردەمی کۆرۆنادا
لەگەڵ سەپاندنی مەرجەکانی داخستنی شوێنە گشتی و بازاڕەکان لە زۆربەی وڵاتان بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە هۆکارە بۆ نەخۆشییەکی کوشندە، ئەوا چالاکیی رۆژانە، بۆ نموونە بازاڕکردن، جیاواز دەبێ لەو دۆخەی پێشتر تێیدا بووە، لانی کەم بۆ ماوەیەک.

وێڕای رێوشوێنە خۆپارێزییەکان، کە چەندین جار باس کراون، وەک دەستنەبردن بۆ چاو و لووت و دەم، بەرلەوەی دەستەکان باش بشورێن، ئەمانەی خوارەوەش هەندێ ئامۆژگاریی دیکەن، بۆ پەیڕەوکردنی دووریی پارێزراو لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتی کڕینی پێداویستییە خۆراکیییە سەرەکییەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان، وەک ئەوەی رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە.


1- دوو مەتر دوور بە لە کرێکار و فەرمانبەرانی دیکە:

هەندێک لە فرۆشگەکان پاککەرەوەی دەستیان دابین کردووە و سەبەتە و عەرەبانەی گواستنەوەی کەلوپەل پاک دەکەنەوە، بەڵام دوای ئەمەش، لە کاتی هاتن و چوون بۆ فرۆشگەکان و لە ناوەوەی فرۆشگەکانیش هەوڵ بدە لە خەڵک دوور بیت، ئەمەش پێویستی بە ئارامگرتن و هێشتنەوەی ماوە هەیە لە نێوان خۆت و خەڵک و کەلوپەلی ناو ساردکەرەوەکان و سەر رەفەکان.

هەندێک لە فرۆشگە گەورەکان ژمارەی ئەو کەسانەی، کە دەبێ لەناو فرۆشگەکەدا بن، سنووردار کردووە. لە کاتی کڕینیشدا، هەوڵ بدە ماوەیەک لەنێو خۆت و فەرمانبەر و کرێکارانی فرۆشگاکەدا هەبێت، هەروەها لەگەڵ ژمێریاری فرۆشگا لە کۆتایی بازاڕکردنەکەتدا.


2- بەتەنیا بازاڕ بکە:

بەتەنیا بازاڕکردن دەبێتە مایەی کەمبوونەوەی ژمارەی کەسەکان لەناو فرۆشگەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی ماوەی نێوان خۆت و خەڵکی دیکە رەچاو بکەیت.

توێژینەوەکانیش هەمیشە ئەوە رادەگەیەنن، کە رەنگە کەسانێک تووشی نەخۆشیی (کۆڤید -19) بووبن بەرلە 5 رۆژ لە دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە، بەمەش رەنگە بە درێژایی ئەو ماوەیە بەبێ دەستی خۆی، نەخۆشییەکەی بڵاو کردبێتەوە.


3- کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکان و بەس:

ئاساییە، کە هەندێک کەس هەست بە دڵەڕاوکی بکەن لەوەی، کە رەنگە بەهۆی مانەوەیان لە ماڵەوە بۆ ماوەی 14 رۆژ، تووشی دابڕانێکی زاتیی ببن، بۆیە هەوڵ دەدەن پێداویستییەکان لە ماڵدا دابگرن.

لەگەڵ هەندێش، ترسی کڕین واتا رەنگە ئەمە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمە خۆراکییەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەری راهاتوون.

چەندین راپۆرت هەن لەسەر بەهەدەردان و خەسارکردنی خۆراک، بەوەی کە خەڵک زۆر لەو بابەتانە دائەگرن، کە ئەگەری لەناوچوونیان هەیە و ناتوانراوە لە کاتی پێویست سوودیان لێ وەربگیرێ.

بۆیە پێویستە تەنیا ئەو بەرهەم و پێداویستییانە بکڕن، کە گرنگن، ئەمەش وا ئەکا، کە بەشی هەموو خەڵکیش بکات.

4- رێز لە کاتی بازاڕکردنی توێژە تایبەتەکان بگرە:

هەندێک شوێنی بازرگانی، بەتایبەت فرۆشگەکان، چەند سەعاتێکی دیاریکراویان لە هەفتەیەکدا بۆ بازاڕکردنی چەند توێژێک تەرخان کردووە، وەک ئەوانەی لە سلکی پۆلیسیدا کار دەکەن، یان ئەوانەی بەساڵاچوون، یانیش ئەوانەی کە کێشەیەکی تەندروستییان هەیە، چونکە ئەمانە دەیانەوێ خۆیان لە تووشبوون بە ڤایرۆس بپارێزن.

رەنگە جێبەجێکردنی ئەمە کەمێک سەخت بێ، بەڵام پێویستە ئەم بابەتە رەچاو بکرێ و بەهەند وەربگیرێ لەو کاتەی دەتەوێ بچیتە فرۆشگەکان، بۆ ئەوەی بەریەککەوتنت لەگەڵ ئەواندا نەبێت.


5- سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزاریی گەیاندن:

هەرچەندە ژمارەی خەڵک لە شەقام و فرۆشگەکان کەم بێت، ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسیش لەناو خەڵکدا کەم دەبێت. ئەگەر توانیشت پێداویستییەکانت لەڕێی خزمەتگوزاریی گەیاندن دابین بکەی، ئەوە چەند جار چوونەدەرەوەت لە ماڵەوە کەم دەکاتەوە، بەمەش گواستنەوەی پەتاکە لەنێو خەڵک سست و کەم دەکاتەوە، کە جێی ترس و دڵەڕاوکێی حکوومەت و زایانانیشە، سەرەنجام ناشبێتە هۆی فشاری زۆر بۆ سەر خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.










باسنيوز


Top