دانەوەی قیستی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان دوا دەخرێت

دانەوەی قیستی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان دوا دەخرێت
لەسەر داوای مامۆستایان و بە هەوڵی ئیدارەی گەرمیان، دانەوەی قیستی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامستایان كەلار بۆ ئەم مانگە دوا دەخرێت.

هەڤاڵ ئیبراهیم، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان، رايگەیاند: "دوای ئەوەی بەشێك لە مامۆستایان داوایان كرد ئاسانكاری بكرێت لە پێدانەوەی قیستی مانگانەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان بەهۆی دۆخی دارایی و دواكەوتنی مووچەكانیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەبەرهێنی پرۆژەكە ئەنجام دا و داوای لێ كرد قیستی ئەم مانگەی پرۆژەكە دوا بخات، لە بەرامبەردا وەبەرهێنی پرۆژەكە رەزامەندیی دەربڕی و بڕیاری دا قیستی مانگی سێی پرۆژەی مامۆستایان دوا بخرێت."

گوتیشی: "ئەو داوایەی مامۆستایان بۆ ئیدارەی گەرمیان پاش ئەوەوە هاتبوو كە لە ناوڕاستی ئەم مانگەوە بەهۆی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شارەكان و ناوشارەكانیش راگەیەندراوە، هەروەها بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، بەشێكی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە دۆخێكی دارایی سەختدان."

ژمارەی ئەو مامۆستایانەش كە لە پرۆژەكەدا بەشداران زیاتر لە 700 مامۆستا دەبێت.









باسنيوز


Top