کەركووك.. بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆ هێزێكی زۆری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێنراونەتە شارەكە

کەركووك.. بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆ هێزێكی زۆری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێنراونەتە شارەكە
هێزێكی زۆر لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆوە هێنراون بۆ كەركووك، بەرپرسێكیش ڕای دەگەیەنێت، هێنانی ئەو هێزانە بۆ زیاتر خۆسەپاندنە بەسەر شارەكەدا.

بەپێی زانیارییەكان هێزێكی زۆر لە سوپا و هەروەها میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووك بە بیانووی قەدەغەی هاتوچۆ و بۆ کۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێنراون بۆ لە شارەكە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لە كەركووك چەندین هێزی جۆراوجۆری حكوومەتی عێراق هەیە كە لەسەرووی هەموویانەوە لیوای 61ی سەر بە حكوومەتی عێراقە كە ژمارەی چەكدارەكانیان لەناو شارەكەدا یەكجار زۆرە، بەڵام بۆ ئێستا هێزی دیكە هێنراون بۆ كەركووك.

لەم بارەیەوە، عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند، بە بیانووی قەدەخەی هاتوچۆ ئێستا بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، هێزی تری ئەمنی زیاتر هێنراون بۆ ناو كەركووك، ئەوەشیان بۆ ئەوە كردووە كە زیاتر خۆیان بسەپێنن.

گوتیشی ئەوەی كە دەتوانێ كەركووك بپارێزێ هێزە ئەمنییەكانی خودی كەركووكن كە خەڵكی شارەكەن، نەك هێزە نامۆكان، چونكە ئەوان بەدڵسۆزییەوە ناوچەكە دەپارێزن كە ئێستا رۆڵیان پێنادرێت ئەو هێزانەی تر كە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هاتوون هەموویان بۆ دەستكەوتی مادی هاتوون، هەروەها ئەوان بەبیانووی جۆراوجۆر پارەیان لە دوكاندارەكانی كەركووك و هەروها جوتیاران دەسەند وەك سەرانە.

هاوكات، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوەی لە كەركووكیش هەیە سەبارەت بە قەدەخەكردنی هاتوچۆ بەتایبەت لە ناوچە و گەڕەكە كوردییەكان، هێزە ئەمنییەكان ئەركی خۆیان ڕاناپەڕێنن بۆ ئەوەی خەڵك نەیتە دەرەوە، ئەمەش بەواتای ئەوەیە ئەوان بەخەمی ئەوەوە نیین كە كورد تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێ یان نەبێ.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك بە خیانەتی گرووپێكی ناو یەكێتیی، ڕادەستی حەشدی شەعبی كرا و لەوكاتەوە دۆخەكەی لە هەموو ڕوویەكەوە نالەبارە.










باسنیوز


Top