لە هەولێر 75 کەس بە تۆمەتی هێنانی خەڵک بە رێگەی قاچاخ دەستگیرکراون

لە هەولێر 75 کەس بە تۆمەتی هێنانی خەڵک بە رێگەی قاچاخ دەستگیرکراون
لە هەولێر 75 کەس گیران کە لەنێو ئۆتۆمبێلدا شاردرابوونەوە و ویستویانە لە کەرکووک و مەخموورەوە بە قاچاخ بچنە نێو شارەوە. هەمویان لە بازگەکانی زێرەڤانیدا گیراون. شۆفێرەکان مۆڵەتی گواستنەوەی خۆراکی مارکێت و کۆمپانیاکانیایان پییە.

پشکنینی 24 کاژێری لە بازگەکان بە وریایی و تووندوتۆڵی بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچیەک بەردەوامە.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ لە ئەنجامی پشکنینەکان دەستبەسەر پێنج ئۆتۆمبێلدا گیراوە کە ویستوویانە خەڵک بە قاچاخ بێننە نێو هەولێرەوە. چوار ئۆتۆمبێل لە رێگای کەرکووک کە 34 کەسیان تێدا بووە وهەموویان کورد بوون و ئۆتۆمبێلێکیش لە بازگەی مەخموور کە 20 کەسی عەرەبی تێدابووە.

شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان کاریان بۆ چەند کۆمپانیایەک کردووە. بەشێکیان رێگەپێدانی ئۆتۆمبێلەکەیان پێبووە و ویستوویانە ئەو کەسانە بە قاچاخ ببەنە نێو هەولێرەوە و لەلایەن زێرەڤانییەوە گیراون.

موقەدەم کاوە ، ئەفسەر لە هەواڵگریی زێرەڤانی راگەیاند، "ئەم کەسانە بە مەبەستی جیاوازەوە بە تەمان بێنە نێو هەولێر. رەنگە بە مەبەستی تایبەتی بۆ کاری کۆمپانیاکان بێن. ئیمە کە رادەستی پۆلیسمان کردن، پاش لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت مەبەستیان چی بووە".

لەسەرەتای قەدەخەی هاتووچۆوە تاوەکو ئێستا دەستبەسەر حەوت ئۆتۆمبێلدا گیراوە کە ویستوویانە بە رێگەی قاچاخ خەڵک ببەنە نێو هەولێر و زیاتر لە 75 کەس بەو هۆیەوە گیراون.

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەکوو پۆلیسی هاتووچۆ سزای ئەوەیان بۆ تۆمار دەکەین کە سەرپێچیی قەدەخەی هاتووچۆیان کردووە کە بڕی 100 هەزار دینارە. بێجگە لەوەش بێگومان لەرێگەی پۆلیس و ئاسایشەوە دەدرێنە دادگا و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

لە درێژەی تۆمارکردنی سەرپێچییەکان لە شاری هەولێر، تاوەکو ئێستا نزیکەی حەوت هەزار و 300 سەرپێچیی جۆراوجۆر تۆمار کراون کە بریتی بوون لە دەستبەسەرداگرتنی سێ هەزار و 539 بەڵگەنامە و 293 ئۆتۆمبێل و ماتۆرسیکل و سێ هەزار و 438 ئێس ئێم ئێس نێردراوە.

لەگەڵ بەزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، رێکار و بەربەستەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-19 تووندتر کراون.





رووداو
Top