لە ئاکرێ ھیچ حاڵەتێکی ھەڵگری ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە
مازن محەمەد ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە تا ڕادەیەکی باش ھاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستین، ئاکرێ یەکێکە لەو شارانەی کە ساڵانە لە کاتی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆزدا چەندین فستیڤاڵ و ئاھەنگی جۆراوجۆری تێدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمساڵ گەنج و لاوان و چینوتوێژەکانی ئاکرێ ببێبەش بوون لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و، ھاووڵاتیان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵەوە مانەوە."
قایمقامی ئاکرێ ئەوەیشی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری قەزای ئاکرێ ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە پێک ھاتووە و ڕەوشی تەندروستی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان لە ئەرکدان بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و دووکانەکانی کەلوپەلی خواردن و کێشەکانی ھاووڵاتیان. ھەر بڕیارێک بدرێت بۆ تەندروستی و پاراستنی ھاووڵاتیانە، ھێزە ئەمنیەکان لە ھەموو شوێنەکانی شار جێگیر کراون، خەڵکی ئێمە بە شێوەیەکی باش ملکەچی بڕیارەکانن."
سەلام مشیر، ڕۆژنامەنووسی دەڤەرەکە گوتی : "بەپێی قسەی باوباپیرانی ئێمە، لە سەردەمی ھاتنی نەخۆشیی تاعووندا ھاووڵاتیانی دوو گوندی سنووری ناحیەی گردەسێر سەر بە قەزای ئاکرێ تووشی نەخۆشییەکە بوون و تەواوی ھاووڵاتیانی ئەو دوو گوندە گیانیان لەدەست داوە، کە نزیکەی 50 ماڵ بوون."
سەلام مشیر گوتیشی: "دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، خەڵکی ئاکرێ پابەندی ڕێنماییەکانن، پێویستە خۆمان لە شوێنی قەرەباڵغ بپارێزین و لە ماڵەوە بمێنینەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی ھاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە."
لەم بارەیەوە، سەباح زھێر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ گوتی: "ھەموومان دەزانین ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە مەترسی لەسەر تەواوی جیھان، بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لەم پەتایە و ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تا ئێستا لە سنووری ئاکرێ نزیکەی 40 ھاووڵاتی کەرەنتینە کراون کە لە وڵاتانی دەرەوە ھاتوونەوە و، ھیچ حاڵەتێکی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە."
سەباح زھێر گوتیشی: "دوو تیمی تەندروستیی گەڕۆک دانراون بۆ پاراستن و تەندروستیی ھاووڵاتیان لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داواکاریشین ئەگەر ھاووڵاتیان زانیارییان لەسەر ھەرکەسێک ھەبێت کە لە دەرەوە ھاتبێتەوە و پشکنینی بۆ نەکرابێت، ئێمە ئاگادار بکەنەوە."
زێرەڤان تەمۆ، چالاکی مەدەنی دەڵێ: "خۆشبەختانە بەگشتی خەڵکی ئێمە پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھاووڵاتیانیش لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی ھاوکارن."
ناوبراو دەشڵێت: "بەردەوام دەزگا ئەمنییەکان ھۆشیاری و ڕێنماییی نوێ بۆ ھاووڵاتیان بڵاو دەکەنەوە، خەڵکی ئاکرێ خەڵکێکی ھۆشیارە و پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن بۆ پاراستنی تاک و کۆمەڵگا و دووربوون لە نەخۆشی و نەھامەتی."
دووپاتیشی کردەوە: "ژیانی ئازیزانمان گرینگترە لە خۆشییەکانی وەرزی بەھار و بۆ پاراستن ھاووڵاتیان لە ماڵەوە دەمێنینەوە."
PDK
