تووشبوویەکی دیکە بە کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاتووە "لە بەردەوامیی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکرا کە ئافرەتێکی تەمەن 56 ساڵە و خێزانی تووشبوویەکی پێشووە".
رۆژی پێنجشەممە 26ی ئاداری 2020 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانى رایگەیاند، 12 تووشبووی دیکەی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە سلێمانی چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 39 کەس.
یەکێک لەو تووشبووانەی چاکبووەتەوە خەڵکی دەربەندیخانە بەناوی حاجی سالار کە ئەمەش یەکەمین تووشبووی کۆرۆنایە لە دەربەندیخان چاکبووبێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ئێستا گەیشتووەتە 104 کەس، 39 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و دووانیشیان گیانیان لەدەستداوە.
رووداو
