وەزیری ناوخۆ: ئەگەر پێویست بێت بێ دوودڵی قەدەغەی هاتوچۆ درێژ دەکەینەوە
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕايگەیاند، پێشتر ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆیان بۆ یەکی مانگی نیسانی داهاتوو درێژکردەوە، ”بێگومان هەر کاتێک نزیک بووینەوە لە کاتی دیاریکراوی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، ئەوکاتە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگارەکان، بڕیاری پێویست لەسەر قەدەغەکردنی ھاتوچۆ دەدەین، ئەگەر پێویست بوو بۆ درێژکردنەوە، ئەوکاتە بەبێ دوو دڵی ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ درێژ دەکەینەوە و دواتر لەسەر ماوەکەی ڕێک دەکەوین“.
ڕوونیشی کردەوە، ھەموو ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتوچۆیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، ئەوانیش ھاماھەنگییان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی تەندوستی و ئیدارە سەربەخۆکان ھەبووە، بۆیە ”داواکارییەکەی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بەھەند وەردەگرین و ھەر کاتێک ئەوان پێویستیان بە ھاوکاری بێت، ئێمە ئامادەین ھاوکارییان بکەین بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا“.
وەزیری ناوخۆ نەیشاردەوە کە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ ١٠٠٪ کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمکردنی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە و گوتی: ”ئەگەر ئێمە ئەو ڕێکارانەمان نەگرتایەتە بەر، ئێستا حاڵی ئێمە ھاوشێوەی زۆربەی ئەو وڵاتانە دەبوو کە ھەر لەسەرەتاوە کەمتەرخەم بوون، چونکە بەجددی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بەھەند وەرنەگرتووە، بۆیە ئێمە گەشبینین بە ھاوکاریی خەڵکی کوردستان و ڕێنماییەکان و بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا گەشبینین بەو ئیرادە بەھێزەی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆس و قەیرانە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ھەر لە یەکەم ڕۆژی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دەرکردووە کە ھاوکاریی پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ھەروەھا پێش ئەوەی وڵاتانی دنیا لایەنی دارایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابین بکەن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو ھەنگاوەی ناوە و بەشێوەیەکی یەکسان ھاوکارییەکە بۆ ھەموو پارێزگاکان نێردراوە.
لەبارەی پارێزگای سلێمانیشەوە وەزیری ناوخۆ گوتی: ”پارێزگاری سلێمانی داوای ھەرچی کردبێت، بۆی نێردراوە و تەنانەت ئەوەی بۆ شارۆچکەی دەربەندیخان کراوە لەم چەند ڕۆژەدا، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە تایبەتمەندیی ئەو سنوورە ڕەچاو کراوە و لە ھیچ شوێنێکی دیکە کەمتر گرنگی پێ نەدراوە، بۆیە جیاوازی لە نێوان شارەکانی کوردستاندا لە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکوومەتدا نییە“.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد: "پزیشکانی کوردستان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستن و لەسەنگەری پێشەوەن بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان، ئەوەی تیمە پزیشکییەکان دەیکەن، ھیچی کەمتر نییە لەو پێشمەرگانەی لە بەرامبەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش خۆیان کردە قوربانیی خاک و نیشتمان“.
باسنيوز
