بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌باره‌ى بابەتی ڕێگریکردن لە تیمە تەندروستییەکانی پێنجوێن لە دەروازەی باشماخ بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26/3/2020، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ كراوه‌: "ئێمە لەم بارودۆخە هەستیار و دژوارەدا هیواخواز بووین هەموولا پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بین لەپێناو سەلامەتی و بەرژەوەندیی تەندروستیی گشتی و نەکەوینە ئەم لێدوان و لێدوان کارییە لەسەر یەکتر، بەڵکوو لەبری ئەوە هەموومان پابەند بین بەو ڕێکار و ڕێنماییانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەزارەتە تایبەتمەندەکانەوە دەردەکرێن".

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "كەسانێک هەن هەرچەند نازانین مەبەستیان لە شێواندنی ڕاستییەکان خزمەت بەکێ دەکات، دێن سەرقاڵمان دەکەن بە شتی لاوەکی و قسەو گوفتاری نابەجێ و بێ بەڵگە".

بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم بارودۆخەوە، بە تودندترین شێوە ئیجرائاتەکانمان جێبەجێ کردووە و هیچ کەمتەرخەمییەکمان نەکردووە".


ده‌قى ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ى بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ:

ڕوونکردنەوەی دووەم لەسەر هەمان بابەتی ڕێگریکردن لە تیمە تەندروستییەکانی پێنجوێن لەدەروازەی باشماخ

لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە
بەڕێزان/ دانیشتوانی پێنجوێن و ڕاگەیاندنەکان و چالاکانی سۆشیال میدیا
ئێمە لەم بارودۆخە هەستیار و دژوارەدا هیواخوازبووین هەموولا پێکەوە هاوکار و هەماهەنگبین لەپێناو سەلامەتی وبەرژەوەندی تەندروستی گشتی و نەکەوینە ئەم لێدوان و لێدوان کاری یە لەسەر یەکتر بەڵکو لەبری ئەوە هەموومان پابەندبین بەو ڕێکار و ڕێنمایی یانەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەزارەتە تایبەتمەندەکانەوە دەردەکرێن.

بەڵام مەخابن کەسانێک هەن هەرچەند نازانین مەبەستیان لە شێواندی ڕاستی یەکان خزمەت بەکێ دەکات دێن سەرقاڵمان دەکەن بە شتی لاوەکی و قسەو گوفتاری نابەجێ و بێ بەڵگە
ئێمە سەرەڕای ئەوەی جەخت لەسەر ڕوونکردنەوەی پێشوومان دەکەینەوە کە لەلایەن قایمقامی پێنجوێنەوە تەنها ناوی سێ کەس بە لیوا مەریوان درا بۆ ئەوەی سەردانی باشماخ بکەن و سەرەڕای ئەوەش هەرکەزانرا سەرجەم ئەوانی تریش تەندروستکارن بەڕێزیان داوای لە یاریدەدرێتی ئاسایشی باشماخ کرد ڕێگە بەوانیش بدرێن.

هاوکات دوابەدوای ڕوونکردنەوەکەی دکتۆر خالید کە لەپەیجی فەرمی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن و هەندێ ماڵپەڕ و ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە و دیسان هەوڵی شێواندن و بەلاڕێدابردنی بابەتەکە دەدەن و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە پێنجوێن دەخەنە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکەمان و گوایە ڕۆژانە خەڵک بێ لێپرسینەوە هاتوچۆی ناومەرزدەکات.!

ڕایدەگەیەنین بەبەڵگەوە هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەم بارودۆخەوە بەتودندترین شێوە ئیجرائاتەکانمان جێ بەجێ کردووە و هیچ کەمتەرخەمی یەکمان نەکردووە و بۆ زانیاری
هەموولایەکیش چەندجارێک لەسەر داوای بەڕێز سەرپەرشتیار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی یەوە چەند جارێک تیمی تایبەت بەپشکنینی ئەو ڤایرۆسە هاتوونەتە باشماخ و پشکنینیان بۆ فەرمانبەران و ئەوکەسانەی لەباشماخدان کردووە و خۆشبەختانە هەموویان سەلامەت بوون و هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبوون ئەمە جگە لەوەی بەڕاسپاردەی بەڕێزیان بەڕێز دکتۆر ڕۆژگار لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەری باشماخ ڕۆژانە هەستاوە بەتەعقیم کردنی سەرجەم بیناو جادە و شوێنەکانی ناو باشماخ ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە لای خۆمانەوە هەوڵی جددیمان داوە لە ڕێگری کردن لەتەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە کە خۆشبەختانە هیچ تووشبوویەک لەسنووری کاری ئێمە نەبووە.

هەربۆیە ئەوتۆمەت بارکردنانەشمان هیچ نیە لەجگە لە بێ بایەخ کردنی ڕۆڵی کارمەندان و فەرمانبەرانی بەشەکانی گومرگ و نشینگە و ئاسایش و پۆلیس و سەرجەم ئەوانەی تر کە لەباشماخدا بیست و چوار کاتژمێر لەئەرکدابوون کەسەرجەمیان بەسەرپەرشتی ولەژێر چاودێری بەڕێز لیوا مەریوان کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ بیست و چوار کاتژمێر بێ هەست کردن بەماندوێتی کاروباری خۆیان ڕاپەڕاندووە کە جێگەی ستایش کردنن نەک نواندنی ئەو بێ ڕێزی یە بەرامبەریان چونکە بەشی هەرەزۆری ئەوانەش خۆیان خەڵکی پێجوێنن و دڵسۆزی یان هەیە بۆ خەڵک و شارەکەی خۆیان و پێویستی یان بەهاندانی کەسانی تر نیە.

لەکۆتاییدا بەهەمووانی ڕادەگەیەنین ئێمە لە باشماخ بەفەرمانی لیوا مەریوان سەرجەم ئەو کەسانەشمان کە بەقاچاغ لەڕێگەی سەیران بەن و دەروازەکانی تر لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوەو ڕادەستی دکتۆر خالید نەکراون بەڵکو بۆ ئێمەیان ناردووە کەنیشانەی هەستکردن بووە بە باشی بەڕێوەچوونی ئیجرائاتەکانی ئێمەیە و بێ ماندووبوون و جیاواز لەکاری خۆمان لە ڕێگەی کارمەند و ئۆتۆمبێلی خۆمانەوە ڕادەستی کەرەنتینەکانی سلێمانیمان کردوون و دەبێ خەڵکی پێنجوێن لەدکتۆر خالید بپرسن شەوی ۲۱ لەسەر ۲۲ ی مانگی ڕابردوو بەچ مافێک ۱۸۱ کەسیان لەدەروازەی باشماخ بەبێ هیچ کەرەنتینەکردنێک و پشکنینێک بردە دەرەوە و بڵاوکرانەوە بەناو خزم و کەس و کار و خەڵکی پێنجوێن و سنوورەکانی؟!

بەداخەوە کە دەبێ بڵێین بۆ زانیاری هەموولایەک ئەم هەوڵانەی دکتۆر خالید بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو هەڵە مەترسیدار و تەجاوزکردنە سەر مافی گشتی یەیە کە ئەنجامی داوە و هەر لەسەر ئەوەی لەشەوی ۲۱ لەسەر ۲۲ ی مانگی پێشوو لەلایەن لیوامەریوان وەک پاراستنی مافێکی گشتی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و لەلایەن پارێزگاری سلێمانی یەوە بەفەرمانی کارگێڕی ژمارە ۲۰/۲٤۹٤ لەبەرواری ۲۰۲۰/۲/۲۳ لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دروستکراوە و ئێستا وەک تۆڵەکردنەوەیەک خەریکی ڕای گشتی سەرقاڵ کردنە
با هەموولا چاوەڕوانی دەرەنجامەکان بن و کەسیش لەسەرووی یاساوەنیە.
هیوای سەلامەتی و تەندروستی باش بۆ هەمووان.

(ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان)












باسنيوز


Top