وەزیری تەندروستی زانیاری لەبارەی سێ تووشبووە تازەکەی هەولێر ئاشکرا کرد
کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەڵەبجەوە ئاشکرای کرد، ئەو سێ کەسەی ئەمڕۆ دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بوون، هەرسێکیان خەڵکی گوندی گاینجن لە شاری سنووری قەزای خەبات لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
ڕوونیشی کردەوە کە یەکێک لە تووشبووەکان، هاوسەری ئەو تووشبووەیە کە دوێنێ ڕاگەیاندرا، ئەوانی دیکەش ئامۆزا و کەسوکاری ئەون و بەرکەوتەیان لەگەڵیدا هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان تەندروستی هەر سێ تووشبووەکە تاڕادەیەکی زۆر جێگیرە و پشکنینیش بۆ ٨٤ کەسی نێو گوندەکەیان کراوە.
باسنیوز
