لە سۆران سەدان هۆڵی ئاژەڵان دەڕوخێندرێن
كرمانج عیزەت قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند لە بەردەوامیی رێنمایی و بڕیارەكانیان بۆ خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە هەر جۆرە نەخۆشیەك، هەڵمەتی نەهێشتن و بنبڕكردنی ئاژەڵە ماڵیەكان لە شاری سۆران و ناحیەی دیانا دەست پێكردووە و ئاژەڵدارەكان ئاگادار كراونەتەوە هەرچی زووە ئاژەڵەكانیان ببەنەوە دەرەوەی شارەكان و لەوێ بەخێویان بكەن، هەروەها خاوەن پەلەوەرەكانیش بە هەمان شێوە، لەمەودوا هەر ئاژەڵێك لەناو شار ببینرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپێچینەوەش لەگەڵ خاوەنەكەی دەكرێت.
قایمقامی سۆران راشیگەیاند جگە لە دوورخستنەوەی ئاژەڵەكانیان سەرجەم ئەو هۆڵ و شوێنانەی ئاژەڵەكانیان تێدا بەخێو دەكرێت دەڕوخێندرێ، كە لە سەنتەری شاری سۆران و دیانا هۆڵی لەم شێوەیە هەن كە بۆ ئاژەڵان بەكار دەهێنرێن.
باسنیوز
