پسپۆڕێکی چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە سلێمانی: ئەگەری هەیە پێنج تووشبووی دیکە بنێرینەوە ماڵەوە
د. هادی محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی چارەسەرکردنی کۆرۆنا و سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی راگەیاند، هەموو ئەو تووشبووانەی ئێستا لە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانین تەندروستییان جێگیرە و دەتواندرێت بنێردرێنەوە ماڵەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵەکان رەنگە شوێنی شیاویان تێدا نەبێت بۆ چاودێریکردن بۆیە باشترە لە نەخۆشخانەکان بمێننەوە.
د. هادی محەممەد باسی لەوە کرد، رۆژی دووشەممە 23-3-2020 پشکنینیان بۆ پێنج کەس کردووە و پشکنینەکان نێگەتیڤ دەرچوونە، بەو واتایەی ڤایرۆسەکە لە لەشیان نەماوە، ئەگەر لە پشکنینی ئەمڕۆ سێشەممە دەربچن، ئەوا دەیاننێرنەوە ماڵەوە.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووان نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی نەخۆشخانەکان نەتوانن چارەسەریان بکەن "هەرکات ژمارەی تووشبووان زیادی کرد و نەمانتوانی لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ بکەین، ئەوکات بەشێک لەو تووشبووانەی کە نیشانەکانیان بە قورسی تێدا دەرنەکەوتووە، لە ماڵەکانی خۆیان چارەسەریان دەکەین".
د. هادی محەممەد دەشڵێ، تاوەکو ئێستا یەک تووشبووی کۆرۆنامان ناردووەتە ماڵەوە ئەویش منداڵێکی ساوای شیرەخۆرە، چاودێری دەکەین و رێنمایی پێویستمان داوە بە دایک و کەسوکاری منداڵەکە تاوەکو لە ماڵەوە بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری کۆرۆنا، پسپۆڕی چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێ، ئەو دەرمانانەی لە جیهاندا بۆ چارەسەری کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت لە سلێمانیش هەن و بەکاردەهێندرێن، "ئەوەی کە کۆمپانیای پایۆنێر دروستی دەکات تێکەڵکردنی ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە کە ئێستا بەکاردەهێندرێت".
د. هادی محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆنترۆڵی ئەوان دەرنەچووە، بەڵام ئەگەر هاونیشتمانییان پابەندی رێنماییەکان نەبن و رێژەکە زیادبکات رەنگە لە کۆنترۆڵمان دەربچێت و شوێن نەبێت لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ بکرێت.
سەبارەت بە توانای تەندروستی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە د. هادی گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ تایبەت بە کۆرۆنا دەکرێتەوە و تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەکانی سلێمانی شوێنی پێویستیان هەیە.
رووداو
