لەبارەی ھاوردەکردنی خۆراکەوە چەند بڕیارێكی نوێ درا

لەبارەی ھاوردەکردنی خۆراکەوە چەند بڕیارێكی نوێ درا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لەبارەی ھاوردەکردنی خۆراک لە مەرزەکانەوە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کە ئاراستەی ھەریەکە لە دەروازەو بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگی ( باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و ئیبراھیم خەلیل) کراوە و ، ھاتووە: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو دەروازەکان و ئاسانکاریی خێراگەیاندنی پێداویستییە خۆراکی و کاڵا پێویستەکان، داوا دەکەین کە ئاسانکاریی تەواو بکەن بۆ داخڵبوونی خۆراک و مادە پاکەمەنییەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگدا ھاتووە: "خواردەمەنییە وشکەکان ئەوانەی مارکەن و بریکاری بازرگانی، یان ھێمای بازرگانییان ھەیە، دوای پشکین و وەگرتنی سامپڵی پشکین لە تاقیگە ڕێگە بدرێن لە حەرەمی گومرگ دەربچن و لەژێر چاودێریی گومرگی دەربچن و بە ھەماھەنگی سەرپەرشتی پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکانی قەزا و ناحیەکان کاڵاکان لە کۆگاکان دابندرێن تا ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچن".












باسنیوز


Top