رێگاكانی شارەدێی هەریر داخران
لەپێناو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و رێگەگرتن لە هاووڵاتیان لە چوونە دەرەوەیان، رێگای سەرەكیی (سپیلك-هەریر) و تەواوی ڕێگا لاوەكییەكانی سنوورەكە داخران.
زاهیر بناوی، سەرۆكی شارەوانیی هەریر، راگەیاند: "لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كۆنتڕۆلكردنی زیاتری هاتوچۆ بۆ شاروچكەی هەریر، دەستمان كردووە بە داخستنی ڕێگای سەرەكی (سپیلك-هەریر) و تەواوی ڕێگە لاوەكییەكانی سنوورەكەمان، بۆ ئەوەی بتوانرێت رێگە لەو كەسانە بگیرێت كە رۆژانە بۆ گەشت روو لە شوێنانە دەكەن و چیتر قەرەباڵغی و كۆبوونەوەی زۆر دروست نەبێت".
ئەوەشی خستە روو: "بۆ ئەو كەسانەش كە كاری زەرووریان هەیە، دەتوانن رێگای (شەقڵاوە-هەریر) بەكار بهێنن، لەم رێگایەش خاڵێكی پشكنین كۆنتڕۆل كراوە و بەپێی زەروریەتی كارەكەیان و رێنماییەكان، رێگە بە هاووڵاتیان دەدرێت، ئەوەش لەپێناو سەڵامەتیی هەموو لایەكە".
باسنيوز
