ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە کوردستان بووە دوو کەس

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە کوردستان بووە دوو کەس
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نۆ کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون و کەسێکی دیکەش کە رۆژی رابردوو گیانی لەدەستدا دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بووە، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە بووە دوو کەس.

لە راگەیێندراوی ژمارە 27ـی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دا سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووە، لەماوەی 24 کاژێری رابردوو 327 پشکنین وەرگیراوە کە 203 پشکنین لە هەولێر و 96 پشکنین لە شاری سلێمانی و 28 پشکنین لە شاری دهۆك بووە و دەرکەوتووە نۆ کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

ئەو نۆ کەسە یەکێکیان لە دهۆکە (ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیێندرا) و هەشت کەسی دیکەیان لە سلێمانین کە پێنج پیاو و سێ ئافرەتن.

لەبارەی ئەو تووشبووەی دیکە کە گیانی لەدەستداوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دووەمین مردن بەهۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پیاوێکی قەزای چەمچەماڵە کە نەخۆشی کووشندەی درێژخایەنی هەبووە و دەکاتە باوکی تووشبووەکەی دوێنێی لەو قەزایە. دوای گیانسپاردنی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو و دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

سەبارەت بە پارێزگای هەولێر، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لە کۆی 203 پشکنین 72 پشکنین نیگەتیڤ بووە 131 پشکنین ماون کە لە کاژێرەکانی داهاتوودا رایدەگەیێنن.

کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 85 کەسن، لەنێویاندا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 22 کەسیان بەتەواوی چاکبوونەتەوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تووشبووانی دیکە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

رێنمایی وەزارەتی تەندروستی بۆ هاونیشتمانییان ئەوەیە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

سەبارەت بە ژمارەی کەرەنتینکراوان، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، چوار هەزار و 671 کەس لە هەرێمی کوردستان کەرەنتین کراون، ئێستا تەنها هەزار و 537 کەسیان لە کەرەنتیندا ماون کە زۆرترین کەسیان لە هەولێرن.


رووداو
Top