وەزارەتی تەندروستی: 10 کەسی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
پێنج کەسیان لە خێزانی یەکەم تووشبووی دەربەندیخانن کە رۆژی شەممە 21-03-2020 راگەیێندرا.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی یەکشەممە (22-03-2020) بڵاویکردووەتەوە هاتووە "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، 10 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکرا، کە دوویان دانیشتووی شاری سلێمانی و حەوت لە قەزای دەربەندیخان و یەکێکیان دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە".
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بانگەوازێکی بەپەلە بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، کەشوهەوای تەمومژاوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر دەکات و داوا لە دانیشتووانی دەربەندیخان و چەمچەماڵ دەکات لە هەموو ناوچەکانی دیکە زیاتر پابەندی مانەوە بن لە ماڵەکانیاندا.
بە تۆمارکردنی ئەو 10 کەسە، هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ 64 کەس بەرزبووەوە. 10 کەسیان لە هەولێر، تووشبووەکانی دیکەش 52 یان لە سلێمانین و کەسێک لە دهۆکە و کەسێکی دیکەش لە هەڵەبجەیە. هەروەها 13 کەس لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
هاوکات دکتۆر فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ راگەیاند، ئەو کەسەی تووشبووە خزمی هیچ کەسێکی تووشبوو نییە و سەردانی ئێرانی نەکردووە. دەشڵێت، ئەمڕۆ 40 پشکنینیان لە چەمچەماڵ ئەنجامداوە و گومان دەکەن چەندان تووشبوو لە قەزاکەدا هەبن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، ئەو تووشبووە تەمەنی لە 30 ساڵاندایە و تەواوی خێزانەکەی کەرەنتین کراون.
رووداو
