وەزیری تەندروستی: پێویستە دەربەندیخان کەرەنتین بکرێت

وەزیری تەندروستی: پێویستە دەربەندیخان کەرەنتین بکرێت
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییانی دەربەندیخان لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و دەشڵێت، پێویستە شارەکە کەرەنتین بکرێت.

رۆژی شەممە 21-3-2020 یەکەم تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەربەندیخان تۆمارکرا و ئەمڕۆش حەوت تووشبووی دیکە تۆمارکران کە پێنج کەسیان ئەندامی یەک خێزانن و بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبووەکەی دوێنێدا هەبووە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە لە دەربەندیخان رووپێوی پشکنین بکرێت، چونکە زۆنی ترسناکی بڵاوبوونەوەیە.

هاوکات د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە پەیامێکدا دەڵێت، کەشوهەوای تەمومژاوی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر دەکات، "داوا لە دانیشتووانی خۆشەویستی شارۆچکەی دەربەندیخان و چەمچەماڵ دەکەین کە لە هەموو ناوچەکانی دیکە زیاتر پابەندی مانەوە بن لە ماڵەکانیاندا".

ئەمڕۆ یەکشەممە 10 تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، بەوەش هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ 64 کەس بەرزبووەوە. 10 کەسیان لە هەولێر، تووشبووەکانی دیکەش 52 یان لە سلێمانین، کەسێک لە دهۆکە و کەسێکی دیکەش لە هەڵەبجەیە. هەروەها 13 کەس لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیێندراوێکیشدا بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەربەندیخان داوا لە دانیشتووانی قەزای دەربەندیخان دەکات بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و خۆیان کەرەنتین بکەن. دەشڵێت، ژمارەی تووشبووان لە قەزاکە لە هەڵکشاندایە.


دەقی راگەیێندراوی وەزیری تەندروستی

هاوڵاتیانی خۆشەویستی دەربەندیخان...
تکایە لە ماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە، پێویستە شارەکە بەتەواوی کەڕەنتین و ڕووپێوی پشکنین بکرێت چونکە زۆنی ترسناکی بڵاوبوونەوەیە.


د. سامان بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
22 ئازار 2020


رووداو
Top