سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران: ئەوەی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبێ سزا دەدرێت
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی یاسا، ئەو کەسانەی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن سزا دەدرێن.
ئامانج رەحیم، سکرتیری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، دوو ماددەی یاسای سزادانی عێراقی بڵاو کردووەتەوە، کە لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ ناکەن و پابەند نابن، پشتی پێدەبەستێ، بڵاو کردووەتەوە.
بەپێییاساکان، ھەر کەسێک ببێتە ھۆی بڵاوکردنەوەی نەخۆشی بە زیندانیکردن سزا دەدرێ و ئەو کەسانەش بە قاچاخ دەگەرێنەوە خۆیان بە تیمەکان ناناسێنن، سزای قورس دەدرێن.
دەقی بڵاوکراوەکەی ئامانج رەحیم:
تاوان دژ بە تەندروستی گشتی
٢١-٣-٢٠٢٠
لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە نووسراوی ژمارە ٢٨٠٨ لە ڕۆژی ١٠-٣-٢٠٢٠ داواکاری گشتی ودامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆی ڕاسپاردووە بە تۆمارکردنی شەکوای جەزائی مافی گشتی لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەسانەی (بە ئەنقەست بێ یان بەئیھمالی وگوێپێنەدان) دەبنە مەترسی بۆ سەر تەندروستی گشتی ھاوڵاتیان بە خۆدزینەوەیان لە ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگری لە مەترسی تەشەنەکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەگوێرەی یاسای تەندروستی گشتی ژمارە ٨٩ ساڵی ١٩٨١ بەرکار لە ھەرێم، چ ئەوانەی بە قاچاغ ھاتونەتەوە ناو ھەرێم وقاچاغچیەکانیشیان، و ئەوانەش کە داڵدەیان ئەدەن وئەوانەش کە بە کردارەکانیان مەترسی لەسەر ژیانی خەلک دروست ئەکەن، شەکواکەش بە پێی ھەردوو ماددەی ٣٦٨ و ٣٦٩ لە یاسای سزادانی عێراقی دەبێت کە تیایدا ھاتووە:
ماددەی ٣٦٨: ئەوکەسانەی بە ئەنقەست مەترسی دروست دەکەن لەسەر تەندروستی گشتی وبەھۆیانەوە نەخۆشیەکی مەترسیدار لەسەر ژیانی خەلک بڵاو دەکەنەوە، ئەوا سزا دەدەرێن بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام ئەگەر ببنە ھۆی مردنی کەسێک یان لەکارکەوتنی درێژخایانی ھەر بەشێکی جەستەی ئەوا سزاکەی توندتر دەکرێت.
ماددەی ۳٦۹: ئەگەر ئەو کردارانە بەئەنقەست نەبێت وئەنجامی ئیھمالی وگوێپێنەدان بێت، ئەوا سزاکەی بەندکردن و غەرامەیە، بەڵام ئەگەر بەھۆی ئەو ھەڵەی ئیھمالی وگوێپێنەدانەوە کە مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵک دروست کردووە کەسێک بمرێت یان تووشی لەکارکەوتنی درێژخایەنی ھەر بەشێکی جەستەی بێت ئەوە حوکمی بکوژ یان ئازاردەری بەھەڵەی بەسەردا دەسەپێندرێت.
تکایە ئەوانەی لە دەرەوەی ھەرێم بە قاچاغ گەڕاونەتەوە وملکەچی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی نین خۆتان بە تیمەکانی تەندروستی بناسێنن، لەوانەیە خودی خۆت بەھۆی بەھێزیی بەرگری لەشت و سروشتی خۆت ھیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەت تێدا دەرنەکەوێ، و وا بزانی ھەڵگری نیت بەڵام تۆ دەبیتە قاچ بۆ ئەو ڤایرۆسە و دەیگوێزیتەوە بۆ کەسێکی دیکە کە لەوانەیە بەرگری لەشی کەم بێت بەھۆی تەمەنی یان بەھۆی نەخۆشی درێژخایان یان نەخۆشیەکانی کۆئەندامی ھەناسەی ھەبێ، تۆ ئەتوانی بە ناساندنی خۆت زنجیرەی تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە ڕابگری و تووشی لێپرسینەوەی قانونیش نەبی وخۆت وخێزان و ھاونیشتیمانیەکانت بپارێزی، ئەگەر نا تاوانێکی زۆر گەورە دژ بە تەندروستی گشتی ئەنجام دەدەیت.
