وەزیری خوێندنی باڵا: کێشەی خوێندکارانی کورد لە تورکیا چارەسەر دەکەین
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و تووێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی ئەو خوێندکارانە گوتی "بەوپەڕی پەرۆشییەوە لە دۆخی ئەو خوێندکارانە دەڕوانین و لەگەڵ وەزیرانی پەیوەندیدار کاری لەسەر دەکەن.. ئیشەڵڵا بە زووترین کات کێشەکەیان چارەسەر دەکەین".
وەزیری خوێندنی باڵا و تووێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی بەرپرسی لە وەزارەتەکەی راسپاردووە، کە ناو، ژمارە، ئیمەیڵ و ئاماری ئەو کەسانەی پێبدەن تاوەکو لە سبەی یەکشەممەوە کار لەسەر ئەو کەیسە بکات. "دڵمان لایانە، جێگەی نیگەرانی نییە و ئینشائەڵڵا بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە نێو خانەوادەکانیان".
حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووچۆکردنی لە سنوورەکانی راگرتووە، لەبارەی رێکارەکانی هێنانەوەی ئەو خوێندکارانە، د. ئارام محەممەد دەڵێت، "بە هەمان رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن، ئەوەش هەم بۆ خۆیان باشە و هەم بۆ کەسوکاریان و کۆمەڵگەش".
خوێندکارانی کورد لە تورکیا کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەپێی زانیارییەکان ژمارەیان 176 خوێندکارە و خوێندکاری ماستەر و دکتۆران، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییان کردبوو، داوایان کردووە، کارئاسانییان بۆ بکرێت بە کردنەوەی سنوور "تەنها بۆ رۆژێکی دیاریکراو" بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
یەکێک لەو خوێندکارانە راگەیاند، چەند کەسێکیان پێش داخستنی سنوور فریاکەوتوون بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆربەیان بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی سنوورەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
ئەو خوێندکارانە دەڵێن "بەشێک لە خوێندکاران ناتوانن وەکو پێویست پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابینبکەن و کەسوکارمان لە کوردستان لە خەمی باری تەندروستیی ئێمەدان، ئاشکرایە تاوەکو رۆژێک زووتر بگەڕێینەوە مەترسیی تووشبوونمان بە کۆرۆنا کەمترە".
لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەندین رێوشوێن گیراونەتەبەر، لەنێویاندا قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی سنوورەکان. تاوەکو ئێستاش 48 کەس لە کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون کە 13 تووشبوو چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، لەکاتی پێویست پەیوەندی بکەن بە هێڵی بەپەلەی ژمارە 122.
رووداو
