ئەو بەرپرسەی لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بوو، سزادرا

ئەو بەرپرسەی لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بوو، سزادرا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە عەمید عەبدولوەهاب محەممەد عیسا سەردانی ئەڵمانیای کردووە و لەکاتی گەڕانەوەی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا نەبووە، بۆیە لە پۆستەکەی کە بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە دوورخراوەتەوە.

لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، ئەو بەڕێوەبەرە بە مۆڵەتی فەرمی سەردانی ئەڵمانیای کردبوو، لە 14-3-2020 لەکاتی گەڕانەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پابەندی رێنماییەکانی لیژنەی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا نەبووە.

بە گوتەی ئاسایش عەمید عەبدولوەهاب شوێنی کەرەنتینی جێهێشتووە، بۆیە وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ سزادانی، بڕیاریاندا بە دورخستنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.

راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش بەرواری ئەمڕۆ 21-3-2020ـی لەسەرە و دەڵێت، هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەینەوە کە کەس لە یاسا بەرزترنییە و سەرپێچیکاران سزای یاسایی وەردەگرن.

پێشتر فەرهاد ئەتروشى، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەوان هەوڵی زۆریان دابوو بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆرۆنا بپارێزن و پێش بە بڵاوبوونەوەی بگرن، بەڵام ئەو پیاوە وایکرد کۆرۆنا بگاتە دهۆک، دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت کە بۆچی خۆی کەرەنتین نەکردووە.

رۆژی 19-3-2020 وەزارەتی تەندروستی تووشبوونی یەکەم کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدهۆک راگەیاند.


رووداو
Top