پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەیدا، کە ئەمڕۆ هەینی 20-3-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، سوپاسی پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییە پزیشکییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا، دەکات.
مەسرور بارزانی دڵنیایی خۆی لە تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا وەک چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین، نیشانداوە.
وەک رێکارێک بۆ بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو چالاکییەک، کە ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک، راگرتووە و رێوڕەسمەکانی کردنەوەی ئاگری نەورۆزیش بەو هۆیەوە راگیراوە.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گەلی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. هیوادارم مایەی خێر و خۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.
وەک دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، لە دۆخێکی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەکەینەوە . سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو رێکارانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویست گرتوومانەتەبەر لەوانەش سنووردارکردنی هاتووچۆ . دڵنیاین بە هاوکاری یەکتر ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین وەک چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین.
هیوادارم ئەم ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێشمان، ببنە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپارێزیی زیاتر لە داهاتوودا و، لە ئاستی ئابووریش زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕی کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە تایبەتی کە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە جەختمان لە سەر سیاسەتی هەمەچەشەنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات کردووەتەوە و، ئەم دۆخەی ئێستاش، سوورترمان دەکات لە سەر بەردەوامبوون لەم چاکسازیانەدا.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و ئومێدەوارم کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/20
