وەزیری ناوخۆ: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدا نییە دەستکاری مووچە بکات
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە زۆر سێکتەری ئابووری لە هەرێمی کوردستان راوەستاوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی داهاتی ناوخۆ نزیک بێتەوە لە سفر، ئەو قسەیە هەڵە تێگەیشتنی لای زۆر کەس دروستکردووە، جەختدەکەینەوە کە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە راستگۆیانە و شەفاف لەگەڵ هاووڵاتیان مامەڵە بکەین. هەروەکو چۆن لەبابەتی کۆرۆنا بە راستگۆیانە هەرچی هەبوو خستوومانەتە بەردەمی گەل و میللەت لە بابەتی ئابوورش بەهەمانشێوە".
وەزیری ناوخۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و، ئەو وڵاتەش وەک بەشێک لە جیهان، هەموومان کاریگەریی کۆرۆنامان لەسەرە و کاریگەرییەکەش راستەوخۆ لەسەر ئابووری جیهانە. دابەزینی نرخی نەوتیش هاتووەتە ئاستێکی وا کە لە چاوەڕوانی هیچ کەسێکدا نەبووە. ئەگەر هاتەسەر ئەوەی هەر بڕیارێک بدەین لەسەر مووچە، بە راستگۆیانە لەگەڵ خەڵکی خۆمان قسەدەکەین.
رووداو
