لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی کۆرۆنا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا
لە راگەیێندراوی هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا هاتووە "بەهۆی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جیهان و ناوچەکە، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاونیشتمانیان و هاووڵاتییان، بەتەواوی دانیشتووانی هەرێمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رادەگەیێنین".
ئەو رێوشوێنانەی کە بڕیارە جێبەجێ بکرێن بریتین لە:
1- قەدەخەی چوونە دەرەوە لە تەواوی هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە کاژێر 6:00ی بەیانیی رۆژی دووشەممە 23-3-2020ـەوە دەستپێدەکات.
2- جموجۆڵی گواستنەوە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆسەر و هاووڵاتییاندا و لەنێوان شارە سەرەکییەکاندا لە کاژێر 6:00ی بەرەبەیانی 21-3-2020ـەوە دەوەستێندرێت.
3- تەواوی خواردنگە، بازاڕ، پارکە گشتییەکان، نۆرینگەی تایبەت، هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و پرسەدانان دەوەستن.
4- لە ماوەی ئەو قەدەخەیەدا ئەوانە بەدەر دەکرێن، تەواوی نەخۆشخانە، ناوەندەکانی تەندروستیی گشتی و تایبەت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، خاچی سوور، مانگی سوور، دەرمانخانە، کۆمیتەکانی پاککردنەوە، کرێکارەکانی پاککردنەوە، نانەواخانە، دووکانەکانی فرۆشتنی ماددە خۆراکییەکان، ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان، شیری منداڵان، وێستگەکانی سووتەمەنی (گاز، بەنزین و نەوت) دەگرێتەوە.
5- پێویستە هاووڵاتییان ئەو رێوشوێنانە جێبەجێ بکەن کە بڕیاریان لێ دراوە، هەر سەرپێچییەک خاوەنی سەرپێچیەکە رووبەڕووی سزای یاسایی دەکاتەوە.
رووداو
