لە دھۆک نەخۆشخانەیەکی 104 قەرەوێڵەیی بۆ تووشووانی کۆرۆنا دروستدەکرێت

لە دھۆک نەخۆشخانەیەکی 104 قەرەوێڵەیی بۆ تووشووانی کۆرۆنا دروستدەکرێت
ژمارەیەک بەڵێندەی سنووری پارێزگای دھۆک بڕیاریان داوە لە رۆژی چوارشەممە 18ی ئادارەوە دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 104 قەرەوێڵەیی بکەن کە تایبەت دەبێت بە تووشبووانی کۆرۆنا.

زیرەک دۆسکی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەڵێندەرانی کوردستان لقی دھۆک راگەیاند "ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و وەکو کارێکی مرۆڤدۆستی، ئەمڕۆ 17ی ئادار ژمارەیەک لە بەڵێندەرانی دھۆک دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بڕیارماندا ھەریەکەمان بەپێی توانای خۆی بەشداربێت لە پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ کۆرۆنا".

سەرۆکی کۆمەڵەی بەڵێندەرانی کوردستان لقی دھۆک ئاماژەی بەوەش کرد "نووسراوێکمان پێشکێشی پارێزگاری دھۆک کردووە بۆ دەستنیشانکردنی پارچە زەوییەک و دوای رەزامەندیی بەڕێزیان بە دابینکردنی پارچەیەک زەوی لە سنووری ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای سێمێل، بڕیارە بە چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دھۆک و لیژنەی باڵای خۆپاراستن لە کۆرۆنا، دەست بە دروستکردنی بکرێت و لە زووترین کاتدا تەواوبکرێت".

دەربارەی بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە دابینکراوە، زیرەک دۆسکی گوتی "ھێشتا نازانین چەند پارەی بۆ خەرجدەکرێت، بەڵام 104 قەرەوێڵەیی دەبێت و ھەموو پێداویستییە تەندروستییەکانی تێدا دەبێت".

ھەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە دهۆ تۆمارنەکراوە، بەڵام هەموو رێکارێکی پێویست گیراونەتەبەر، پێشتر نەخۆشخانەیەکی 54 قەرەوێڵەیی ئامادەکراوە و تاوەکو ئێستاش 40 پشکنین بۆ گومانلێکراوان کراون کە سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون.

تاوەکو ئێستا 37 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 9 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و تووشبوویەکیش گیانی لەدەستداوە.
Top