تەندروستی سۆران: ژمارەییەكی تر لە هاووڵاتییان ماوەی كەرەنتینە كردنیان تەواو دەكەن
لەمبارەیەوە دكتۆر كاروان جەمال، بەرێوەبەری تەندروستی سۆران رایگەیاند: "دوای گەرانەوەیان لە وڵاتی ئێران، ئەو هاووڵاتییانەی كە بەمەبەستی چاودێری پزیشكی خرابوونە كەرەنتینەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بەشێكی تریان ماوەی چاودێری كردنەكە تەواو دەكەن و دەگەڕێنەوە نێو ماڵەكانیان".
گوتیشی: "لەكۆی هەزار 231 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان كە لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران گەڕانەوە هەرێمی كوردستان 550 كەسیان لە سنووری ئێمە كەرەنتینە كران و بە بەردەوامی پشكنینی تەندروستی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ ئەنجامدراوە.و هیچ كەسێكیش هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نەبوونە".
ئەوەشی خستە روو، کە لە كۆی ئەو ژمارەیەی هاووڵاتییان كە لای ئەوان لەژێر چاودێری پزیشكی دابوون 401 كەس ماوەی كەرەنتینەكردنەكەی تەواو كردووە و 149 كەس ماوە، كە لە چەند ڕۆژی داهاتووش بەشێكی تر لەو هاووڵاتییانە دەگەڕێنەوە نێو ماڵەكانیان و ماوەی كەرەنتینەكردنەكەیان تەواو دەبێ.
هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد کە لە سنووری بەرێوەبەرایەتییەكەیان تەنیا 11 هاووڵاتی بەشێوەی نایاسایی لە وڵاتانی ئێران و توركیا گەڕابوونەوە، دوای ئەوەی خۆیان نەچوونە نەخۆشخانە و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نەكرد، ناچاربووین بەهاوكاری دەزگا ئەمنییەكان بیان بینینەوەو بیانهێنینە كەرەنتینە و لە ژێر چاودێری پزیشكی دابن.
باسنیوز
