هاتووچۆی سلێمانی: ئەمڕۆ مۆڵەت و ساڵانە لە 1015 شۆفێر وەرگیراوە

هاتووچۆی سلێمانی: ئەمڕۆ مۆڵەت و ساڵانە لە 1015 شۆفێر وەرگیراوە
بەهۆی ئەوەی پابەندی قەدەخەی هاتوچۆ نەبوون، تەنیا ئەمڕۆ دووشەممە تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێلیان لە هەزار و 15 کەس وەرگرتووە.

عەمید فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی راگەیاند، "تەنیا ئەمڕۆ رێکاری پێویست بەرامبەر هەزار و 15 کەس گیراوەتەبەر کە پابەندی قەدەخەی هاتوچۆ نەبوون و بە ئۆتۆمبێل بە شەقامەکانی سلێمانیدا هاتووچۆیان کردووە، هاوکات دەست بەسەر سێ ئۆتۆمبێل و چوار ماتۆڕسکیلدا گیراوە".

عەمید فەرەیدوون عومەر دەڵێت، تیمەکانیان رێگەیان بەو کۆمپانیا و کەسانە داوە کە پێداویستیی رۆژانەیان گواستووەتەوە بۆ مارکێتەکان، هاوکات ئەو کەسانەشی کە نەخۆشیان پێبووە رێگەیان دراوە هاتوچۆ بکەن، ئەمە جگە لەو کەسانەی کە خۆیان رێگەپێدراون لە رۆژانی قەدەخەی هاتوچۆدا بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ بکەن، ئەمەش وایکردووە ئەمڕۆ جووڵەیەک بە شەقامەکانی سلێمانییەوە دیاربێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لە سێ رۆژی قەدەخەی هاتوچۆدا دوو هەزار و 15 مۆڵەتی شۆفێری و ساڵنامەی ئۆتۆمبێل لە هاونیشتمانییان وەرگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پابەندی رێنماییەکان نەبوون، هاوکات دەست بەسەر 20 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە.

هاوکات ژمارەیەک لە چالاکڤانانی سلێمانی لە بانگەوازێکدا بۆ رای گشتی باس لەوە دەکەن، ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی رووی دا و بەشێکی خەڵک بابەندی قەدەخەی هاتووچۆ نەبوون، زەنگێکی مەترسیدارە و هاونیشتمانییان دەخاتە بەردەم هەڕەشەی پەتاکە.

ئەو چالاکڤانانە لە بانگەوازەکەیاندا داوادەکەن، حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و لایەنی بەرپرس جیددیتر هەوڵی سەپاندنی بڕیارەکە بدەن و ئەو فۆرمی ڕێگەپێدانەی لە قایمقامیەتی سلێمانی دەدرێت، دەسبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە.
Top