ڤایرۆسی كۆرۆنا نانی كۆڵبەرانی سنووری بڕیوە
بەپێی بەداواداچوون و بە گۆتەی ئەو كەسانەی كە لە ناوچە سنوورییەكانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، بەتایبەتی سنووری حاجی ئۆمەران و كێلەشین، لە دەڤەری سۆران كاری كۆڵبەریان دەكرد، سەرەڕای قەدەغەكردنیان لە ساڵی 2017 لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، كەچی بە ناچاری لەپێناو دەستەبەركردنی پارووە نانێك و سەختی بژیویان لە وڵاتی ئێران، ناچار بوونە بە رێگا سەختەكان لەسەر كاری كۆڵبەری بەردەوام بن، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سنوورەكان بە شێوەیەكی تەواو چاودێرییان دەكرێت و رێگە بە هیچ كۆڵبەر و كەسێك نادرێت ئاودیووی باشووری كوردستان بێت، ئەوەش بووەتە هۆی پەككەوتنی كار و كاسبی ئەو كەسانەی كە كاری كۆڵبەرییان دەكرد".
فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران رايگەیاند، لە ساڵی 2017 بە بڕیارێكی وڵاتی ئێران، رێگا بەڕووی ئەو كەسانە داخرا كە لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان واتە بە سنووری حاجی ئۆمەراندا كاری كۆڵبەریان دەكرد، وەك دیاریشە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە شێوەیەكی چڕتر چاودێریی سنوورەكان دەكرێت و رێگەنادرێت هیچ كەسێك بە رێگای نایاسایی روو لە هەرێمی كوردستان بكات".
بە گوێرەی ئامارێك دوای راپەڕینی ئاداری 1991 زیاتر لە (4500) كاسبكاری ڕۆژهەلاتی كوردستان لە سنووری نێوان حاجی ئۆمەران –پیرانشار و كێلەشین، خاوەنی كارتی كاركردنی کۆڵبەری بوون، لەگەل ژمارەیەكی زۆری بازرگان و شوفێر و خاوەن فرۆشگە بەتایبەت لە هەر دوو دیوی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، بەم هۆیەوەش هەلیكار بۆ هەزاران كەس رەخسابوو، بەڵام دوای داخستنی سنوور بەڕووی كاری كۆلبەریدا بێكار ماونەتەوە.
باسنيوز
