وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان: ئەو کەسانەی ڤارێز دەکرێن دەبێت بە تەنیا لە ژوورێکدا بن
لە هەرێمی کوردستان 33 شوێن وەکو بنکەی ڤارێز تەرخانکراون، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی هاونیشتمانیان لە دەرەوە، رۆژ دوای رۆژ ژمارەی ڤارێزکراوەکان زیاد دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتیاران و سەردانیکارانی 33 وڵاتی ئەوروپیی خستووەتە لیستی کەرەنتینەوە. لە بەریتانیاوە بۆ ڤارێزێکی هەولێر، زیاتر لە 50 هاونیشتمانی لە گەنج و پیر و منداڵ لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە بۆ ماوەی 14 رۆژ ڤارێز دەکرێن.
تەنیا ئیدریس، هونەرمەند ئاماژەی بەوە کرد، مانگ و نیوێکە لە هەرێمی کوردستان دەرچووە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرت لە وڵاتانی سوێد، بەریتانیا و ئۆکراینا، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە نەیتوانیوە لە بەریتانیا کۆنسێرتەکەی بکات و دواخراوە.
کوردێکی دانیشتووی ئیتاڵیا لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی سێ وڵاتەوە گەڕاوەتەوە، باسی دۆخی تەندروستیی ئیتاڵیای کرد، بەراوردی رێوشوێنە تەندروستییەکانی دژی کۆرۆنا لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا دەکات.
پێچەوانەی ئەمریکا، لێرە حکومەت کرێی بنکەکانی ڤارێز و پێداویستیی رۆژانەی کەرەنتینکراوانی دابینکردووە. ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە بە زیادکردنی ڤارێزەکان، هەر ڤارێزکراوێک ژووری تایبەتی هەبێت.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی ڤارێز دەکرێن دەبێت بە تەنیا لە ژوورێکدا بن و خاوەن ئوتێلەکان دەبێت لەو حاڵەتەدا هاوکاری بکەن.
لە بەرامبەر ترسی هاونیشتمانیان لە ڤارێزکردنیان، بەرپرسانی تەندروستی دڵنیایی دەدەن کە ڤارێزکراوەکان هەموو پێداویستییەکانیان بۆ فەراهەم کراوە و ڤارێز بەهێزترین هێڵی بەرگرییە دژی کۆرۆنا.
فەیزوڵڵا محەممەد، بەرپرسی ڤارێزەکانی هەولێر باسی لەوە کرد، لەسەر هێڵن بۆئەوەی باشترین ئوتێل بۆ ڤارێزکراوەکان ئامادەبکرێت.
تاوەکو 15ی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار کەس ڤارێز کراون، سێ بەشیان بە سەلامەتی ماوەی خۆیان تەواوکردووە و گەڕاونەتەوە نێو کۆمەڵگە.
