پۆلیسی سلێمانی داوای زانیاری لەسەر ئەو کەسانە دەکات کە لە ئێران گەڕاونەتەوە
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن هەواڵدەرێكەوە زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیس كە هاونیشتمانییەک لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و خۆی بە تیمە تەندروستییەكان نەناساندووە، بنكەی پۆلیسی چوارچرا لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەت بە كۆرۆنا توانرا هاونیشتمانییەکە لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیربکرێت و رەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا كراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاونیشتمانییە ناوی (ع ، ح، ف)ـە، لەدایكبووی ساڵی 1957ـە و لە 17-2-2020 لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد داوای لەو هاونیشتمانییانە دەکات کە زانیارییان هەیە لەسەر هەركەسێك كە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و خۆیان ب ەتیمە تەندروستییەكان نەناساندووە، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكەن بە ژمارە "104 بەشی پۆلیسی فریاكەوتن و105 بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان".
ئەمەش لەکاتێکدایە، زۆربەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، یان لە ئێران گەڕاونەتەوە یان بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئەو کەسانە هەبووە کە لە ئێران گەڕاونەتەوە. تاوەکو ئێستاش 34 تووشبوو بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراون کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکیان چاکبووەتەوە.
