وەزارەتی تەندروستی حاڵەتێکی نوێی تووشبوونی بە کۆرۆنا راگەیاند
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حاڵەتێکی تازەی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
کەمێک لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، لە بەردەوامیی پشکنینەکان، گومانلێکراوێکی دیکەی پیاو کە تەمەنی ٤٦ ساڵە، بە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید - ١٩) لە شاری سلێمانی دەستنیشان کرا.
شەوی رابردوو وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندراوی ژمارە ١٧ی خۆیدا ئاشکرای کرد کە پشکنینیان بۆ ٢٢٧ کەس ئەنجامداوە کە ٢٠٤ کەسیان لە هەولێر و ١٤ کەس لە سلێمانی و ٩ کەسیش لە دهۆک کە پشکنینی سەرجەمیان نێگەتیڤ هەبوو.
ئیستا ٢٩ حاڵەتی تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەن کە یەکێکیان بە تەواوی چاک بووەتەوە و یەکێکیشیان گیانی لەدەست داوە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە و بەرکەوتەی کەسی تر نەبن، لە کاتی پێویستیشدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.
باسنيوز
