ئەو دەرچووانەی تاقیکردنەوەی ماستەر و دکتۆرا کە کورسیی خوێندنیان پێنەدراوە دوو چارەسەر دەخەنە ڕوو

ئەو دەرچووانەی تاقیکردنەوەی ماستەر و دکتۆرا کە کورسیی خوێندنیان پێنەدراوە دوو چارەسەر دەخەنە ڕوو
دەرچووانی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ کە وێڕای دەرچوونیان لە تاقیکردنەوەکە، بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا وەرنەگیراون، دوو چارەسەر دەخەنە ڕوو.

بە گوێرەی یاداشتێکی ئەو دەرچووانە کە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەوان لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستیدا دەرچوون، بەڵام ”بە هۆکاری کەمی و نەبوونی کورسیی پێویست بۆ ئێمەی دەرچوو، وەرنەگیراوین و خەریکە خەونی چەندین ساڵەمان لەبار دەبرێت و ئەو دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێندرێت“.

ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە لە ئەنجامی وەرنەگیرانیان، تووشی نائومێدی و شڵەژانی دەروونی بوون، بۆیە داوایان کردووە، کاری جددی لەسەر کێشەکەیان بکەن و هەوڵ بدەن کورسیی خوێندن بۆ سەرجەم ئەوانە بڕەخسێندرێت کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستیدا دەرچوون.

هەر لە یاداشتەکەدا ئەم دوو پێشنیارە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە خراوەتە ڕوو:

١- زیادکردنی کورسی بۆ دەرچووانی وەرنەگیراو.

٢- لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی خاڵی یەکەم، داواکارین بە پارالێل وەربگیرێین.











باسنيوز


Top