فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆیەک بەدرۆ دەخاتەوە

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆیەک بەدرۆ دەخاتەوە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی دوورخستنەوەی چەند کەسێک لە پۆستەکانیان بەدرۆ دەخاتەوە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، چەند ڕۆژێکە هەندێ ماڵپەڕ خەریکی بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەکن، گوایە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت بودجەی نوێنەرایەتییەکانی کەم کردووەتەوە و کەسانێکی لە پۆستەکانیان دوورخستۆتەوە، “لێرەدا ڕایدەگەیەنین تەواوی ئەو دەنگۆیانە بێ بنەما و دوور لە ڕاستین”.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە “فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ژێر ڕۆشنایی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرنامە و پلانی خۆی ڕێکخستووە و بەنیازە پێداچوونەوە بە بودجەی نوێنەرایەتییەکان بکات و چەند نوێنەرایەتییەک لە چەند وڵاتێکی دیکە کە گرینگن بۆ هەرێمی کوردستان، بکاتەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”.

فەرمانگەکە لەم ڕوونکردەوەیەدا دووپاتی کردووەتەوە، هیچ کەسێک لە پۆستەکەی دوور نەخراوەتەوە، “ئەوەی دەکرێ، تەنها گۆڕانکارییە لە ئاستی ناوخۆیی و تا ئێستاش تەواوی بەڕێوەبەرانی فەرمانگە وەک پێشوو ئەرکی خۆیان بەجێ دەگەیەنن”.











باسنيوز


Top