سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە
بەبۆنەی ٢٩یەمین ساڵیادی راپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کرد و رای گەیاند: ”راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە مافە رەواکانی رەتدەکاتەوە“
جەختیشی کردەوە کە راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستان بوو، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستانە و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی ١٩٩١ کە ”پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین“.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان.
ئەمڕۆ بیست ونۆ ساڵ بەسەر راپەڕینی مەزنی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ تێدەپەڕێت . بەم بۆنە شکۆدارەوە ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکوڵیکردن لە مافە رەوکانی رەتدەکاتەوە.
راپەڕینی مەزنی ئاداری ١٩٩١ ، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەموو چین و توێژ وپێکهاتەکانی کوردستان بوو ، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستان و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی ١٩٩١ ە کە پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین.
ساڵیادی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ پیرۆزبێت و کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٣/٥
