بەهۆی کێشەیەکەوە لەسەر بەنزین کەسێک لە شارۆچکەی ژاراوە کوژرا
بەکر بایز، قایمقامی پشدەر لەبارەی هۆکاری رووداوەکە راگەیاند، دوێنێ شەو لەکاتی وەرگرتنی بەنزین لە بەنزینخانەیەکی ژاراوە کێشە دروستبووە و کەسێک زللەیەکی لە کەسێکی دیکە داوە، ئەمڕۆ خانەوادی ئەو کەسەی زللەکەی لێدراوە چوونەت سەر ماڵی کەسەکەی دیکە و کەسێکیان بەناوی واحید عەبدوڵڵا ـی تەمەن 40 ساڵیان کوشتووە، ئەوانیش کەسێکیان لەوان برینداکردووە.
قایمقامی پشدەر باسی لەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و بکوژەکانیش دەستگیرکراون.
پۆلیسی راپەڕین لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هاونیشتمانییە لەدایکبووی 1978ـە، پیشەی کاسب بووە و دانیشتووی ژاراوە - قەزای پشدەر (قەڵادزێ) بووە.
بە گوتەی پۆلیس، چوار کەس دەستگیر کراون، لە رووداوەکەدا چەکی کڵاشینکۆف بهكارهاتووه و کەسێکیش برینداربووە کە ئاسەواری گولـلـە بەقاچیەوە هەیە و یهكێكه له دهستگیركراوهكان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی گوتووە، رووداوەکە لەلایەن هێزەکانیانەوە کۆنترۆڵکراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
هاوکات تەندروستی قەڵادزێ رایگەیاندووە، کاژێر 06:10 خولەکی ئەمڕۆ 25-2-2020 تەرمی هاووڵاتییەک گەیشتە نەخۆشخانە، کاری پێویستی بۆ کراوە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
