عەبدولقادر شنگالی کرایەوە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی گەڕانەوە و دامەزراندنی عەبدولقادر شنگالی وەک جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا و لە شوێنی سیروان رۆژبەیانی دەرکرد، دوای ئەوەی دادگای عێراق بڕیاری گەڕانەوەی شنگالی بۆ پۆستەکەی دا.
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، دادگا پارێزگاری نەینەوای پابەندکردووە کە دەبێت عەبدولقادر شنگالی بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی، بۆیە کۆتایی بەکارەکانی سیروان رۆژبەیانی وەک جێگری پارێزگار هێنا و جارێکی دیکە عەبدولقادر شنگالی گەڕایەوە سەر پۆستەکەی.
بەهۆی رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی موسڵ و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پارێزگار و هەردوو جێگری پارێزگاری نەینەوای سڕکرد، دواتر لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە، بەڵام دوای تۆمارکردنی سکاڵا، دادگای کارگێڕیی عێراق بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە گەڕانەوەی عەبدولقادر شنگالی بۆ پۆستەکەی وەک جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا و حەسەن عەلاف بۆ جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوا دا و هەردووکیان دەستبەکاربوونەوە.
