لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرێکارێک گەنج گیانی لەدەست دا

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرێکارێک گەنج گیانی لەدەست دا
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، دوێنێ هەینی کرێکارێکی گەنج لە سنە لە کاتی بەستنی ئەسکەلە بۆ هەڵواسینی پۆستەری پاڵێوراوێکی پەرلەمانی ئێران، گیانی لەدەست داوە.

بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کرێکارە کوردە ناوی "موحسن نووری" کوڕی ئیبراهیم، دوێنێنی هەینی لە کاتی بەستنی ئەسکەلە بۆ بانگەشەی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە کاتی و هەڵواسینی پۆستەری یەکێک لە پاڵێوراوەکان، بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیانی لەدەست داوە.

لەمبارەوە ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویە: "کارەبا گیانی موحسنی نەستاند، لە بەرانبەر گیان لەدەستدانی موحسندا ئەوانە بەرپرسیارن کە ئەو ڕێگەیان بۆی هەڵبژارد، ویژدانە بەخەبەرەکان لەبەردەم دادپەروەریدا چاوەڕێی وەڵامن لە هەمبەر گیانی موحسندا".

لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەبوونی دەرەتانی کار و خراپیی باری ئابووریی خەڵک، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی حکوومەتەدا پاڵێوراوان و دامودەزگاکانی حکوومەت بە دانی پارە بە هەندێ خەڵک بانگەشەی هەڵبژاردن گەرم دەکەن.

ماوەی دوو ڕۆژە بانگەشەی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستی پێکردووە و کۆمەڵێک گەنجی بێکار، لەڕووی ناچاری و بەبێ هیچ کەلوپەلێکی ستانداردی کار لە شوێنە بەرزەکان خەریکی بانگەشەن بۆ پاڵێوراەکان و ئەگەریش ڕووداوێک ڕوو بدات، کەس لە هەمبەر گیانیاندا وەڵامدەر نییە.

بڕیار ڕێکەوتی 2020.2.21 چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە ٣١ پارێزگای ئەو وڵاتە بەڕێوە بچێت و لە چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام) ٣٥٣ کاندید بۆ دەستەبەرکردنی ٢٩ کورسیی پەرلەمان پێکەوە پێشبڕکێ دەکەن.










باسنيوز

Top