هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی کەی وەن لە کەرکووک
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک نییە لەبارەی کەوتنەوەی قوربانی بەهۆی هێرشەکەوە لە ئاسمانی کەرکووک دەنگی فڕۆکە دەبیسترێت.
ئێوارەی رۆژی هەینی 27-12-2019 چەند مووشەکێک لە سەربازگەی کەی وەن لە کەرکووک کەوتنەوە، لە هێرشەکەدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون.
سەربازگەی کەی وەن دەکەوێتە رۆژئاوای كەركووك و پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بارەگای میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە بوو، ئێستاش هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی ئەمریکا و دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی تێدان.
دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی کەی وەن، رۆژی یەکشەممە 29-12-2019 ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێنج بنکەی کەتایبی حیزبوڵڵا لە سووریا و عێراق ئەنجامدا.
ئەو پێنج بنکەیەی ئەمریکا کردنیە ئامانج، سیانیان لە عێراق و دوو بنکەکانی دیکەش لە سووریا بوون، لەنێو بنکەکاندا کۆگای چەک هەبووە و لەو بنکانەوە پلانی هێرشکردنەسەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق داڕێژراوە.
رۆژی 31-12-2019 لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و یەکێک لە پرسگەکانی باڵیۆزخانەکە سوتێندرا و داوای داخستنی باڵیۆزخانەکە کرا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 03-01-2020 لە بۆردوومانێکی فڕۆکەکانی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانی و حەشدی شەعبی کوژران.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە لووتکە، بەشێوەیەک کە راستەوخۆ هێرشی زارەکییان دەکردە سەر یەکدی و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکدییان دەکرد.
