کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەبێ هیچ بڕیارێک کۆتاییهات

کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەبێ هیچ بڕیارێک کۆتاییهات
لیژنەی لاوەکیی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی پرسی پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لە میحوەری قەرەتەپە - حەمرین لە کفری کۆبوونەوە، بەڵام هیچ بڕیارێکیان نەدا و لیژنەکەی عێراق بە داواکارییە دووبارەکانی پێشمەرگەوە گەڕانەوە بەغدا.

لیوا روکن ئەکرەم سەدام، ئەندامی لیژنەی لاوەکیی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە بنەڕەتدا هاتوون بۆئەوەی هاوئاهەنگی بکەن لەنێوان ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکەدا هەن و گوتی "ئێمە ناکۆک نین تاوەکو رێکبکەوین، پێشتر رێککەوتووین و هاتووین بۆئەوەی ئەو رێککەوتنە بەهێز بکەین".

لە مانگی شووباتی ساڵی 2019 هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، لیژنەیەکی باڵا و چوار لیژنەی لاوەکیی هاوبەشیان دروستکرد، شەش کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

لیوا محەمەد رۆستەم، ئەندامی لیژنەی لاوەکی وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا پێشنیارەکانیان وەکو پێویست وەرنەگیراون و نەدراون بە سەرووی خۆیان.

پێشتر لیژنە لاوەکییەکان لە دیالە - کەرکووک و مەخمور - موسڵ، رووپێویکردنی هێڵی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان لەسەر نەخشە دیاریکردووە، بۆئەوەی بزانن چ ناوچەیەک هێزی تێدانییە.

لە سنووری خانەقین بە درێژایی حەوت کیلۆمەتر، لە گوڵاڵە شەش کیلۆمەتر، لە قەرەتەپە 10 کیلۆمەتر و لە سنووری خورماتووش بە درێژایی هەشت کیلۆمەتر، هیچ هێزێک نابینرێت و داعشیش تەراتێنی تێدا دەکات؛ عێراقیش رێگە نادات پێشمەرگە و ئاسایش لەو ناوچانە رێ لە جموجوڵەکانی داعش بگرن.

ساڵی 2009 وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق رێککەوتن کە تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکەوە بپارێزن.
Top