رەوان بارزانی بۆ ئیدریس بارزانی: 33 ساڵە خەمی ئۆغرت لەدڵمدایە

رەوان بارزانی بۆ ئیدریس بارزانی: 33 ساڵە خەمی ئۆغرت لەدڵمدایە
رەوان بارزانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی باوکیدا نامەیەکی بۆ دەنێرێت و بۆی نووسیوە "باوکە گیان ئەگەر چی لەناومان نیت ، بەڵام تۆ بۆ ھەمیشە لەناو دڵی ھەزارەھا تێکۆشەر و خەڵکی بەئەمەک ھەر زیندووی".

ئیدریس کوڕی گەورەی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبوو، باوکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دلۆڤان بارزانی ( لە رۆژی 2-4-2018 بە جەڵتەی دڵ كۆچی دواییكرد) و رەوان بارزانی بوو.

ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 1987 لە شارۆچکەی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشتی مستەفا بارزانی باوکی بەخاک سپێردرا. دوای راپەڕینی ساڵی 1991 تەرمی مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان و لە بارزان بەخاک سپێردران.

دەقی پۆستەکەی رەوان بارزانی بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی

باوکە گیان بێ تۆییمان پێوە دیارە ، شەش ساڵان بووم کەجێتھێشتم ، بەڵام 33 ساڵە خەمی ئۆغرت لەدڵمدایە و دەمێنێتەوە ، ھەر کە دڵم تەنگ دەبێت لە وێنەکانت دەڕوانم، تێر تێر لەگەڵت دەدوێم.

دڵنیام ئاگات لە ئێش و ئازارەکانمە، پر بەدڵ بیرت دەکەم، پێویستم پێتە لەم ژینە سەختەدا ھاوکارم بیت.

باوکە گیان ھەرچەندە دووريت تەنگی پێ هەڵچنیوم، بەڵام دڵنیام رۆژێک دێت پێت شاد دەبمەوە، چونکە سرووشتی ژین وەهایە...! .

باوکە گیان ئەگەر چی لەناومان نیت ، بەڵام تۆ بۆ ھەمیشە لەناو دڵی ھەزارەھا تێکۆشەر و خەڵکی بەئەمەک ھەر زیندووی.

لێرەوە ھاوخەمی خۆم بۆ ئەوکەسانە دەردەبڕم کە لەسۆزی باوک بێ بەشن، چونکە من باش دەزانم ئازاری بێ باوکی چۆنە.

ھەموو کات خۆشمویستی و خۆشم دەوێیت. رەوانت شـاد بــاوكـه‌ گیان.
Top