وەزارەتی شارەوانی: کارکردن لە شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتووە
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی ١ی ٢٠٢٠، ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ژمارەیەک وێنەی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کارکردن لە قۆناغی یەکەمی شەقامی ۱٥۰ مەتریی هەولێر بەردەوامە و بەشێوەیەکی بەرچاویش کارکردن تێیدا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، دەبێتە هۆی ئاسانکارییەکی باش بۆ هاتوچۆی شوفێران و جووڵەی بازرگانی و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە نێو شاری هەولێردا.
شەقامی 150 مەتریی هەولێر درێژییەكەی زیاتر لە ٧٠ كیلۆمەتر دەبێت، قۆناغی یەکەمی کە ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە، لە ڕێگەی بەحركەوە تا شەقامی پیرمام و لەوێشەوە بۆ شەقامی كۆیە جێبەجێ دەكرێت و دوای ئەوەش بە دەوری شاری ھەولێردا دەچێت تا كۆتایی دێت.
شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر، پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری ھەولێر بە سەنتەری شارەوە دەبەستێتەوە و پێشبینی دەکرێت، سیمایەكی جوانتر بە پایتەختی هەرێمی کوردستان ببەخشێت، وێڕای ئەوەی ئاسانكاریی زۆر بۆ ھاووڵاتیان و شوفێران و جووڵەی بازرگانی دەکات.
باسنيوز
