سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا کۆ بووەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا کۆ بووەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێکی یاوەری کۆ بووەوە.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزى ڕووسیا لە بەغدا و کونسولى گشتیى لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى ڕووسى پێکهاتبوون.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزى بەڕێزان سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانى ڕووسیاى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ستایشى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانی و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد.

هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.










باسنيوز

Top