دادگای هەولێر کۆتایی بە کەیسەکەی فەرهاد پیرباڵ و سووتاندنی ماڵی وەفایی هێنا
سۆران عەزیز، خاوەنی کتێبخانەی (ماڵی وەفایی) کە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن فەرهاد پیرباڵەوە سووتێندرا رايگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠٢٠، فەرهاد پیرباڵ لە کاتی دادگاییکردنەکەدا وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە لە قەفەز دانراوە، بەڵام ئەو داوای لە دادوەر کردووە، لە قەفەزەکە دەریبهێنێت، بۆیە گوێی لێگیراوە و لەمبارەیەشەوە سوپاسی دادگای کردووە.
بە گوتەی خاوەنی ماڵی وەفایی، بەپێی یاسا ئەگەر هەبووە فەرهاد پیرباڵ زیندانی بکرێت، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە و بەبێ هیچ قەرەبووێکی دارایی، کۆتایی بە کەیسەکە هێناوە و بەخشیویەتی.
سۆران عەزیز جەختی کردووەتەوە کە هەندێک کەس پێشتر بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو لە لایەن کەسانێکەوە لە دژی فەرهاد پیرباڵ هاندەدرێت تاوەکوو ئەمڕۆ دادگای هەولێر بڕیارێکی توند لە دژی فەرهاد پیرباڵ دەربکات، بەڵام ئەمڕۆ بەم لێخۆشبوونە ئەم دەنگۆیانەی ئاوەژوو کردووەتەوە.
لێخۆشبوون یەکێکە لە ڕێگە ناڕاستەوخۆکانی کۆتاییهاتنی داوای سزایی و بەم هۆیەشەوە جارێکی دیکە ناتواندرێت لە دادگا سکاڵا بە هەمان تۆمەت لەمبارەیەوە بجووڵێندرێت.
باسنيوز
