فەرمانبەران لە بارەی مووچەکانیان بە تەواوەتی دڵنیا دەکرێنەوە
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمیی عێراقی راگەیاند: ”فەرمانبەران و خانەنشینان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە گەرەنتیی مووچەکانیان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ کراوە و بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نابردرێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە تاوەکوو پڕۆژەی بودجەیەک پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت کە قابیل بێت بۆ جێبەجێکردن و بەدەم ئامانجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت، لەمبارەیەشەوە کارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە، “سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژەیاسا تێپەڕێنێت”.
بە گوتەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بودجەی ٢٠٢٠ پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجی و دابەزاندنی ڕێژەی کورتهێنان و بایەخدانی زیاتر بە هەندێک سەرچاوە هەیە.
پێشبینیی ئەوەشی کردووە کە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ ئامادە بکرێت.
پێشتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە کە لە بارەی مووچە و بودجەوە لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتنێکی تەواویان لە نێواندا هەیە و گەرەنتیی هاتنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش لە بەغداوە کراوە.
باسنیوز
